مۆسکۆ دوای هەڵوێستی ئەمەریکا و ناتۆ مووشەک جێگیر دەکات

دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی مووشەکی مامناوەند و کورت مەودای زەمینی، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی دژە ڕووسیایە کە وڵاتانی ناتۆ پەیڕەوی لێدەکەن. 

دیمیتری مێدڤێدێڤ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی واقیعێکی نوێیە کە دەبێت نەیارانی ڕووسیا لەگەڵیدا ڕێکبکەون، تەنانەت پێشبینی 'هەنگاوی زیاتریش' بکەن. 

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ چیتر خۆی بە پابەندبوون بەو سنووردارکردنانە نازانێت بۆ جێگیرکردنی مووشەکی مامناوەند و کورت مەودای زەمینی سەپاندویەتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو مەرجانەی ڕێگەیان بە ڕاگرتنی یەکلایەنە لە جێگیرکردنیان دا، نەماون. 

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا، ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "هۆشدارییە دووبارەکانمان لەسەر ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە و دۆخەکە بەرەو جێگیرکردنی ڕاستەقینەی مووشەکی مامناوەند و کورت مەودای ئەمەریکی لە بنکە زەمینییەکانی ئەورووپا و ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن پەرەدەسێنێت، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دان بەوەدا دەنێت کە ئەو مەرجانەی ڕێگەی دا بۆ پاراستنی ئەو قەدەغەکردنی تاکلایەنە لەسەر ئەو وڵاتە." جێگیرکردنی ئەو جۆرە چەکانە نەماوە". 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە فیدراسیۆنی ڕووسیا "چیتر خۆی بە پابەندبوون بەو سنووردارکردنە خۆسەپێنراوانەی پێشتر لەم چوارچێوەیەدا سەپاندبووی" نازانێت.

ڕۆژی هەینی 1ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی لێدوانەکان مێدڤێدێڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: بەهۆی لێدوانە بێڕێزییەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، فەرمانم دا دوو کەشتی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی ژێر دەریایی لە ناوچەیەکی گونجاو و نزیک ئەو وڵاتە جێگیر بکرێن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاتوو لێدوانە بێ ڕێز و دوژمنکارانەکانی زیاتری بەدوادا هات.

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت، زۆر جار لێدوانەکان دەرەنجامێکی خراپییان لێ دەکەوێتەوە، هیوادارم قسەکانی مێدڤێدێڤ هیچی خراپی لێ نەکەوێتەوە.