نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکات

میرۆسلاڤ جێنکا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەورووپا، هەڵسوکەوتی حەماسی لەگەڵ بارمتە ئیسرائیلییەکانی شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتەکانی کرد.

جێنکا لە وتارێکیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بە خراپتربوونی کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە کرد کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەژێر گەمارۆی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکاندا بۆ چەند مانگێک ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ترسناک بوونەتەوە.

لای خۆیانەوە ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بارمتە ئیسرائیلییەکان دەربڕی، بەڵام هەندێکیان بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرت، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیان هەزار مەدەنی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران خوازیاری کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە، جەختیان کردەوە، چارەسەری سیاسی تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.

 لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و تێیدا هەزار و 219 کەس لە ئیسرائیل کوژران، زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. لە کۆی 251 بارمتە لە کاتی هێرشەکەدا گیراون، ئەوەش شەڕی بەردەوامی غەززەی لێکەوتەوە، 49 کەسیان لە ناو کەرتی غەززەدا ماونەتەوە، لەنێویاندا 27 کەسیان کە ئیسرائیل دەڵێت کوژراون.