سەمیر بابۆ هۆكاری رێكـنـەكەوتنی لەگەڵ یانەی هەولێر ئاشكرا دەكات

سەمیر بابۆ: قومار بە یانەی هەولێر دەكرێت و حكوومەت زیاتر دەخەنە ژێر باری قەرز

سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر

سەمیر بابۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا هۆكاری رێـكـنـەكەوتنی لەگەڵ یانەی هەولێر ئاشكرا كرد و رایگەیاند دۆخێكی ئیداری و دارایی ناجێگیر هەیە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكەم و دەیبینم قومارە بە داهاتووی یانەی هەولێر دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6 ئابی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا لە هەولێری پایتەخت، سەمیر بابۆ راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر رایگەیاند 
 کۆمەڵێک هۆکار هەبوون کە لەگەڵ یانەکە نەگەیشتە ڕێکەوتن، دەشڵێت: دۆخی ئێستای یانەی هەولێر لەڕووی کارگێڕی و ئیداری و داراییەوە جێگیر نییە، بۆیە داوای ئەوەم کرد کە گرێبەستەکەم بۆ دوو ساڵ بێت، بۆ ئەوەی ئەم وەرزە یانەکە بهێڵمەوە، یان لە ناوەڕاستی ریزبەندی بین، بەڵام دیار بوو کارگێڕی یانەکە ئامانجی دیکەی هەبوو.
سەمیر بابۆ گوتیشی: من كاتێك هاتمە یانەی هەولێر دوو ملیار و نیویان دایە ئێمە، بەڵام پارەكە درایەوە قەرزی پێشوو، جگە لەوەش من بە تەواوی وەرزی رابردوو تەنیا 3 ملیار و نیومان خەرج كرد، ئەمەش كەمترین بودجە بوو لە نێوان 15 یانەی بەشداربووی خولی ئەستێرەكانی عێراق، بەڵام بەداخەوە
ئەو تیپەی وەرزی رابردوو باش بوو، بەڵام لە منیان تێكدا، ئەگەر رێگەیان دابا، دەمتوانی بۆ وەرزی نوێ دوو تا سێ گۆڕانكاری تێدا بكەم و ئامانجەكەم بۆ وەرزی داهاتوو بپێكین.

 


 


راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر گوتیشی: لەم دوو رۆژە كاتێك لەگەڵ ئیدارە دانیشتم، زۆرتكام لێكردن لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر بەهۆی ئەو دۆخە داراییە قورسە تیپێك دروست بكەین بەگوێرەی دۆخی دارایی یانەكە، چونكە دەمزانی دۆخی ئیدارایی یانەكە ناجێگیرە، تەنانەت ئەو كەسانەی بە سەرۆكیشەوە بۆ دەستەی كارگێری زیاد كراون لە لێژنەی ئۆڵمپی عێراق كار بە واژۆیەكانیان ناكرێت.
بابۆ گوتیشی: بە ئیدارەی یانەكەم گوت بە 3 تا 4 ملیار دەتوانم تیپێك لە ناوەراستی ریزبەندی دروست بكەم، داوام لێكردن پلانی درێژخایەنیان هەبێت بۆ ئەوەی یانەكە لەژێر قەرز دەربێنین، تكاشم لێكردن دەستێوەردان لە كاروباری تیپ نەكەن، لە كاتی گفتوگۆیەكان داوای یەك مافی شایستەی دارایی خۆم نەكردووە، بەڵام ئەوان پێشوەختە بڕیاریان لەبارەی من دابوو، ئەوان پێیانباشتر بوو 6 بۆ 7 ملیار بۆ ستافی راهێنەرانی ئێستا خەرج بكەن لە كاتێكدا هیچ گرەنتییەك نییە ئەو ئامانجە بەدەستبهێنن كە پلەی پێنجەمی ریزبەندییە، ئەم پلەیەش ئەگەر بەدەستیشی بهێنن نایانگەیەنێتە هیچ پاڵەوانێتییەكی دەرەكی، كەواتە ئێمە ئەو پارە زۆرە و ئەو فشارە داراییە قورس بۆ لەسەر حكومەت دروست بكەین.

 

 

سەمیر بابۆ: سەرۆكی یانە شۆكی كردم
سەمیر بابۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند سەرۆكی یانە پێی گوتووە كە ئامانجی ئەوەیە لە دەستپێكی وەرزی نوێ چوار تا پێنج یاری بباتەوە، گوتیشی: بۆ دوو تا سێ مانگ هاتووم بۆ ئێرە، بەڵام ئەوە قومارە بە یانەی هەولێر دەكرێت.
بابۆ گوتیشی: ئەو ئیدارییانەی ئێستا هاتوون مافی خۆیانە حەز بكەن لە ساڵی یەكەم دەستكەوتێكی باش بۆ یانەی هەولێر بەدەستبهێنن، بەڵام پێموایە هەڵەیەكی گەورە دەكەن و خوێندنەوەیەكی باشیان بۆ خولەكە نەكردووە، چونكە ناكرێت حەوت ملیار خەرج بكەیت لە كاتێكدا 100% ناشتوانیت ركابەری چوار یانەكەی پێشەوە بكەن.
سەمیر بابۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: كاتێك لەگەڵ ئیدارەی یانەی هەولێردانیشتم، سەرەتا گوتیان خۆمان یاریدەدەرت بۆ دادەنێین، دواتر پێیان گوتم ئەگەر بە كاتیش بێت دەبێت ئەو هاندەرانە دڵخۆش بكەین، منیش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ چارەسەركردن و دڵخۆشكردنی كاتی نەبووم،

 

 

بابۆ: ویستیان كۆپییەك لە گرێبەستی مستەفا قابیل ببەن
پێشتركاتێك لە هەولێر بووم، زۆر هەوڵیان دا كۆپییەك لە گرێبەستەكەی مستەفا قابیل بە نایاسایی ببەن، مەبەستیان ئەوەبوو ئەو یاریزانە لە چنگی هەولێر دەربێنن و دەیانویست پارەیەكیان لە گرێبەستەكەی مستەفا قابیل دەستبكەوێت، بەس من لێ نەگەڕام و گرێبەستەكەم لە شوێنێك شاردەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بابۆ لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری هەولێر گوتی: بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری نیم، پێویستە حكوومەت ستافێك هەڵبژێرێت و لەو یانەیە دایانمەزرێنێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنانەی ئێستا كە دەیكەن تەنیا بۆ گەندەڵی و دەستێوەردان و بەرژەوەندییە، لە هەمووی خراپتر وەكو شیرینی هەڵبژاردن، ئیدارەی یانەی هەولێر دەیەوێت گرێبەستی بەشێك لەو یاریزانانە بە پارەیەكی زۆر نوێ بكاتەوە كە لە هەڵبژاردن كاریان بۆ كردوون، لە كاتێكدا ئاستی ئەو یاریزانانە وەكو پێویست نییە.
لەبارەی بەدەستهێنانی، بڕوانامەی پڕۆ، پێشتر دەستەی كارگێری یانەی هەولێر رێگەیان نەدام بڕوانامەی پڕۆم وەربگرم لە كاتێكدا 23 ساڵ خزمەتی ئەو یانەیەم كردووە، دەشڵێت: ئێستا هەموو هەوڵێكم بۆ ئەوەیە بڕوانامەی پرۆ بەدەستبهێنم، هیودارم ئەو برادەرانەی ئێستای هەولێر لێم تێك نەدەن و بۆ بڕوانامەی پڕۆ كێشەم بۆ دروست نەكەن.