ڕەحمان خانی: بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان نۆژەندەکرێنەوە

بەڕێوهبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان هەیە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە بودجەیەکی ساڵانە بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخان بکات، دوای چەندین نووسراوی فەرمی بڕیاری دابینکردنی بودجەیەک درا بۆ نۆژەنکردنەوەی هەرسێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوهبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، دواجار بڕیاردرا بوودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەرسێ بەنداوی (دوکان- دەربەندیخان – دهۆک) دابینبکرێت.
گووتیشی ئاوی بەنداوەکان تەنیا سوودی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو عێراق و خوارووی عێراقیش سوودمەندن لە ئاوی بەنداوەکان، بۆیە نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان سوودی گشتی تێدایە.
لەبارەی دەنگۆی بوونی درز لە بەنداوی دەربەندیخان، ڕەحمان خانی گوتی: هەموو بەنداوێک پێویستی بەوەیە ساڵانە نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام ئەوەی درز لە بەنداوەکە هەبێت و گرفتی گلدانەوەی ئاوی درووستکردبێت، ڕاست نییە و بەنداوەکە تاوەکو ئێستا باشە و توانای گلدانەوەی ئاوی هەیە.
گوتیشی: ئەمساڵ بڕی باران بارین کەم بوو، بەڵام ئێمە خۆمان بۆ وشکە ساڵی ئامادەکردووە، ئەگەر ساڵی داهاتووش وشکەساڵی بێت ئێمە دەبێت خۆمان بگونجێنین ئاو تەنیا بۆ پێویستی بەکار بهێنین و بەفیڕۆی نەدەین.
گرنگیدان بە ئاسایشی ئاو یەکێک بووە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەنداو و پۆندی نوێ و پرۆژەی ئاوی پاك دروست کراون.
لە کابینەی نۆیەمدا 8 بەنداو دروست کراون و چەندین بەنداوی دیکەش لە دروستکردندان؛ کە دەتوانن زیاتر لە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بدەنەوە، جگە لە بەنداوەکان، 23 پۆند دروست کراون و 58 پۆندی دیکەش لە دروستکردندان.