بازاری گواستنەوەی یاریزانان لە عێراق گەرمتر دەبێت
دوو بەرگریكاری دهۆك ریزەكانی یانەكەیان جێهێشت
بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان تا دێت گەرمتر دەبێت، لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو چەندان گرێبەستی نوێ واژۆ كران، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراویش چەندان یاریزان ریزەكانی یانەكانیان جێهێشت، ئێستاش زیاتر چاوەكان لەسەر یانەی هەولێرە.
زاخۆ لە گۆڕانكارییەكانی بەردەوامە
یانەی زاخۆ لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو، دوو گرێبەستی نوێی راگەیاند، بە فەرمی گواستنەوەی عەلا دالی پیشەگەری سووری راگەیاند، ئەو یاریزانە لە دوو وەرزی رابردوو یاریی بۆ یانەكانی نەفتی میسان و گەرمە كرد، لە لایەكی دیكەیشەوە زاخۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی یوسف ئالۆسی راگەیاند، بەڵام پاتریك مارسیلینۆی بەرگریكاری بەرازیلی لەدەستدا، لە دوایین ساتەكان ئەم یاریزانە بڕیاری دا پەیوەندی بە خولی ڤێتنامی بكات. لە لایەكی دیكەیشەوە زاخۆ گرێبەستی عەلا رەعدی بەرگریكاری نوێ نەكردەوە.
یانەی دهۆك یەك سوپرایزی هەبوو
لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو یانەی دهۆك سوپرایزێكی راگەیاند و بە فەرمی یوسف ئەلئیمامی بەرگریكاری عێراقی لە خولی سویدییەوە راگەیاند، لە بەرامبەردا لوكاس تورسی بەرگریكاری بەرازیلی یانەی دهۆك ماڵئاوایی لە یانەكە كرد، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەو یاریزانە واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەیەكی دەرەوەی عێراق كردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ماسیس ئاتن بەرگریكاری یانەی دهۆك بە فەرمی رۆیشتنی لە یانەكە راگەیاند و لە پەیامێكدا نووسیویەتی: چ گەشتێك بوو، چیرۆكە جوانەكەم لەگەڵ دهۆك كۆتایی هات، دوو نازناوی لەبیرنەكراو لە یادەوەرم دەمێنێتەوە، وەرزێك كە بۆ هەمیشە دەبێتە بەشێك لە مێژووی یانەكە.
زۆر سوپاسی هاوڕێیەكانم و ستافی راهێنەران و هاندەرە باوەڕپێنەكراوەكانی دهۆك دەكەم، هیچ كام لەم دوو نازناوە بەبێ پاڵپشتی ئێوە بەدەست نەدەهات، بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێننەوە.
نەورۆز بێدەنگ نەبوو
لە 24 كاتژمێری رابردوو یانەی نەورۆز بێدەنگ نەبوو، یانەكە گرێبەستێكی نوێی راگەیاند و عەلی جاسمی گۆڵپارێزی عێراقی گواستەوە، پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو یانەكە گواستنەوەی چەندان یاریزانی دیكە رابگەیەنێت.
هەولێر دەستپێدەكات
هەولێر دوایین یانەی كوردستانییە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بە گەرمی بێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان، بڕیارە رۆژی شەممە یانەكە لەژێر سەرپەرشتی باسم قاسمی راهێنەر مەشقەكانی لە یاریگەی پاركی سامی عەبدولڕەحمان دەستپێبكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەی هەولێر لەم كاتەدا تەنیا 10 یاریزانی لەبەردەستە كە پێكهاتوون لە (مستەفا قابیل، سەفین مەنسور، هەڵگورد قەیس، موئەیەد سەفا، نیاز محەمەد، گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، محەمەد سەلام و هیدایەت لەتیف).
كوردستان24 زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە سەفا هادی لە لایەن هەولێرەوە پەیوەندی پێوە كراوە، لە چەند رۆژی داهاتوو باسم قاسم بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەحمەدی كوڕی ناسنامەی بەشێك لە یاریزانە نوێیەكانیان ئاشكرا دەكەن.