ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی پلانی داگیرکردنی غەززە کۆدەبێتەوە
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە نیگەرانە، هاوکات ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سبەی لەو بارەوە کۆدەبێتەوە.
هەینی 8ی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری سێ دیپلۆمات بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی پلانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوی غەززە سبەی شەممە کۆدەبێتەوە.
هاوکات ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی دا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە نیگەرانە، هۆشداریشی دا، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کێشە و ناکۆکییەکان و دۆخی غەززە مەترسیدارتر دەکات و ژیانی ملیۆنان فەڵەستینی دەخاتە مەترسی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.
پێنجشەممە، 7ی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز)ی ئەمەریکی پێداگری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە دووپات کردەوە، گوتوویەتی، دوای دەستبەسەرداگرتنی، بەڕێوەبردنی کەرتەکە بە هێزە عەرەبییەکان دەسپێرن.
بنیامین ناتانیاهۆ جەختیشی کردووەتەوە، نیازیان وایە کۆنترۆڵی زنجیرەی بیابانی بکەن کە درێژییەکەی 42 کیلۆمەتر دەبێت، دەشڵێت، مەبەستیانە پشتێنەیەکی ئەمنی بە درێژایی ئەو 42 کیلۆمەترە دروست بکەن، بەڵام نایانەوێت بەڕێوەی ببەن.