سەرۆکی مەکسیک هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر باندە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا فەرمان بە سوپا دەکات، ئۆپەراسیۆن لەدژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریکای لاتین ئەنجام بدەن.

کلۆدیا شینباوم، سەرۆکی مەکسیک لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی سوپای ئەمەریکا لە شەڕی دژی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: پەیوەندی بە خاکی مەکسیکەوە نییە، پەیوەندی بە وڵاتەکەیانەوە هەیە نەک وڵاتی ئێمە.

شینباوم بە توندی ئەگەری دەستوەردانی سەربازی ئەمەریکای لە مەکسیک ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی چەندین جار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ واشنتندا بەڕوونی دەربڕیووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەك بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانێکی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە چەند گرووپێکی مافیایی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریکای لاتین بە ئامانج بگرن.

بەگوێرەی فەرمانەکە، سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی زەمینی و دەریایی لەدژی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ئەنجامدەدات، بەدیاریکراوی ئەو گرووپانەی خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمەریکا.

ئاشکراشی دەکات، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری دەستیان بە داڕشتنی پلان بۆ راوەدوونان و بە ئامانجگرتنی ئەو گرووپە چەتەییانە کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment