ئەمڕۆ سەرکردەکانی ئەورووپا، بەریتانیا، ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە بارەی پرۆسەی ئاشتی کۆدەبنەوە
بەر لە کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن، سەرکردەکانی ئەورووپا، بەریتانیا و ئۆکرانیا بە ئامادەبوونی جێگرەی سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبنەوە و پێشنیازی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرانیا و هاوپەیمانی ئەورووپا لە بەریتانیا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکەن.
هەروەها ئاماژەشی داوە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ بەیانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، باسییان لە پێشنیازی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر دوو سەرۆکەکە هاوڕابوون کە ئەم هەنگاوە بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە و جیهان زۆر گرنگ دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: هەینی داهاتوو لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ پوتن کۆدەبمەوە.
لای خۆشییەوە، زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو، دانوستانی ئاشتی بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانییەکان ئەنجامی نابێت و دووپاتیشی کردەوە، دەستبەرداری هیچ خاکێکی خۆیان نابن.