ماکرۆن: نابێت داهاتووی ئۆکرانیا بەبێ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر بدرێت

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دەبێت سەرکردەکانی ئۆکرانیا لە دانوستانەکان لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکەیان بەشدار بن، هاوکات ئەورووپییەکانیش بەهۆی مەترسی بۆ سەر ئاسایشییان دەبێت بەشێک بن لە چارەسەری کێشەکان.

شەرممە 9ـی ئابی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و فرێدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیران بەریتانیا بە تەلەفۆن قسەمان کرد و پشتیوانی خۆمان بۆ پشتگیری کردنی ئۆکرانیا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێوانمان دووپات کردووە.

هەروەها ئاماژەشی دا، نابێت بەبێ سەرکردەکانی ئۆکرانیا بڕیار لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە بدرێت، بە تایبەت کە زیاتر لە سێ ساڵە بۆ پاراستنی خۆیان لە جەنگدان.

باسی لەوەش کرد، کە دەبێت ئەورووپییەکان بەشێک بن لە چارەسەری ئەو کێشەیە، چونکە ئاسایشیان لە مەترسیدایە. جەجتیشی کردووەتەوە، بۆ ئەم بابەتە لە نزیکەوە لە سەر خەت دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرانیا و هاوپەیمانی ئەورووپا لە بەریتانیا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکەن.

هەروەها دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: هەینی داهاتوو لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ پوتن کۆدەبمەوە.

لای خۆشییەوە، زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو، دانوستانی ئاشتی بەبێ ئامادەبوونی ئۆکرانییەکان ئەنجامی نابێت و دووپاتیشی کردەوە، دەستبەرداری هیچ خاکێکی خۆیان نابن.