دەزگای لوتکە: ناسنامەی 70 سەرنشینی یەختەکەی دەریای سپیی ناوەڕاست دیار نییە

یەختێکی کۆچبەران (وێنەکە بۆ ڕوونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە و ئەرشیفە)
یەختێکی کۆچبەران (وێنەکە بۆ ڕوونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە و ئەرشیفە)

سەرۆکی دەزگای 'لوتکە' ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بۆیان پشتڕاست نەبووەتەوە، ئەو 70 سەرنشینەی لە یەختێکی دەریای سپیی ناوەڕاستدا بێسەروشوێنبوونە، هاووڵاتیی عێراقی و کوردبن. دەشڵێت: کار بۆ زانینی ناسنامەی سەرنشینەکان دەکەین. 

یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای 'لوتکە' بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە دوێنێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، هەواڵی بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 70 کەس لە یەختێکی نێو دەریای سپیی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە و دەڵێن، بەشێک لەو هاووڵاتییانە عێراقین و کوردیشی تێدایە؛ بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و تاوەکوو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە."

ئاری جەلال گوتیشی "لەگەڵ نوێنەرەکانمان لە یۆنان لەسەر هێڵین، بۆ زانینی ناسنامەی سەرنشینەکانی نێو یەختەکە. تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی دروستمان بە دەست نەکەوتووە کە هاووڵاتیی عێراقی و  بە نەتەوە کوردیش لەنێو یەختەکەدا بووبن. ڕاستە دەگوترێت کوردی تێدا بووە، بەڵام ڕاست نییە. ئەو هەواڵانە بێسەرچاوەن و لەلایەن ئێمەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە."

سەرۆکی دەزگای 'لوتکە' ئاماژەی بەوەش دا "کۆچ بە شێوەی نایاسایی بۆ ئەورووپا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆرێک لەو هاووڵاتییانەی کە بەشێوەی نایاسای ڕۆیشتوون، گەڕاونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2024، زیاتر لە حەوت هەزار و 950 خێزان و گەنج گەڕاونەتەوە."

ساڵانە بەهۆی خراپی ڕێگەی کۆچەوە، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران گیان لە دەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن؛ بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی ڕابردوودا، زۆرینەیان، گەنج، ئافرەت و منداڵ بوون.

18ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵیک بە ڕۆژی 'جیهانیی کۆچبەران' دەستنیشان کراوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی کۆچەران و ئاگاداربوون لە پرس و کێشەکانیان لە جیهاندا، بەڵام سەرەڕای هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان؛ هێشتا دیاردەی کۆچی نایاسایی لە جیهاندا بە بەکارهێنانی ڕێگەی جیاواز و مەترسیدار بەردەوامی هەیە.