دەستەی گەشتوگوزار: مەرجە لە ناوچە گەشتیارییەکان شوێنی تایبەت بۆ بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی دابین بکرێت

بەرهەمی خۆماڵی لە شوێنێکی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان
بەرهەمی خۆماڵی لە شوێنێکی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەرجە لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان، شوێنێکی تایبەت بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی دابین بکرێت، ئەگەر نا، سزا دەدرێن. 

یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی، کردوومانەتە مەرج کە لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان، بە تایبەت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان؛ پێویستە شوێنێکی تایبەت بۆ ئەو بەرهەمانە دیاری بکرێت، ئەگەر نا، سزا دەدرێن و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت."

سیروان تۆفیق گوتیشی "بە ھاوکاریی ڕێکخراوێکی ئەڵمانی و یونسکۆ، لە ماوەی ڕابردوودا، خولێک بۆ 380 کەس لە بواری دروستکردنی فەرش، تەسبیح، جوانکاریی ئافرەتان کراوەتەوە و دەرچووانی خولەکە لە ناوچە گەشتیارییەکان دەست بەکار بوون. ئێستا لە ھەموو ناوچە گەشتیارییەکان، بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی لە لایەن کچ و کوڕانی وڵاتەکەمانەوە نمایش دەکرێن."

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دووپاتیشی کردەوە "پێویستە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان و بە تایبەت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان، تابلۆی کوردی لە جیاتی تابلۆی زمانی دیکە، ھەڵواسن. هاوکات  لە ڕووی میوزیک و گۆرانیی کوردییەوە، ھەوڵ دراوە زۆرترین میوزیک و گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی لێ بدرێت."

سیروان تۆفیق باسی لەوەش کرد "ئامانجمان لەو کارە ناساندنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵیی هەرێمی کوردستانە بەو کەسانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانمان دەکەن، تا لەگەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ وڵاتەکانیان."