کەسوکاری قوربانییان: دڵنیاین تۆمەتباری ڕووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت
کەسوکاری قوربانییەکانی بەنزینخانەکەی هەولێر، سەردانی پارێزگاری هەولێریان کرد و یەک لە کەسوکاری قوربانییەکان کە لە بەغداوە هاتبوو گوتی: سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە کەمتر لە کاتژمێرێک، بکوژیان دەستگیر کرد و ڕادەستی یاسایان کرد، هاوکات سوپاسی هاوسۆزی و هاوخەمی سەرۆک بارزانییان کرد، ڕایانگەیاند: دەخوازن دۆسیەکە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرێت و سزا بەسەر بکوژدا بسەپێندرێت بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
باوکی یەک لە قوربانییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای هەولێر گوتی: سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەو هەلەی پێداین و ئەوەی نیشانداین، گەلی عێراق یەک گەلە و یاساش لە وڵاتەکە یەک یاسایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ئەوەی نیشاندا، هاوسۆزی ئێمەیە و دەیەوێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، بکوژەکەیان لەماوەی یەک کاتژمێردا دەستگیر کرد.
باوکەکە گوتی: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ هاوسۆزییەکەی، سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوانەی کوژراون جێیان بەهەشت بێت، دۆسیەی ئەو ڕووداوە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرێت، جارێکی دیکە ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
هاوکات، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە کەسوکاری کوژراوەکان کەحکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی یاسایی و لەڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کاری خۆیان بە ڕژدی جێبەجێ دەکەن، گوتی: ناسینی پێشوەختە لەنێوان بکوژ و کوژراوەکاندا نەبووە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا تۆمەتبارەکە لەژێر ڕەحمی یاسادایە و یاسا سەروەرە، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، خانەوادەی قوربانییەکان دڵنیا دەکەینەوە، یاسا ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت و پشتیوانی داواکاریی ئەوان دەبین.
ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوو، 6ـی ئابی 2025، لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر، دەمەقاڵی لەنێوان کارمەندانی بەنزینخانەکە و کڕیارێکی خۆیان دروست دەبێت، بەهۆی ئەو دەمەقاڵییەوە، یەک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە بە چەکی کلاشنکۆف، تەقەی لە دوو کڕیاری خۆیان کرد و کوشتیانی، هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە نزیک ڕووداوەکە بوو، بەر دەستڕێژی کەوت و ئەویش گیانی لەدەستدا.
لە ڤیدیۆکانی ڕووداوەکە دەردەکەوێت، ئەو دوو کڕیارەی بەنزیخانەکە کە وەرزشوانی لەشجوانین، بەهۆی ڕژانی چەند لیترێکی بەنزین، پاڵ بە کارمەندەکانی بەنزیخانەکە دەنێن کە یەک لەوان بکوژەکەیە، بۆیە لە ڕقی ئەوە، کارمەندێکیان چەک دێنێت و دوو وەرزشوانەکە دەکوژێت.