ڕووفاتی 22 کوردی ئێزدی لە بەغدا گەڕێنرانەوە و ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە

ژمارەیەک ڕووفاتی دیکەی کوردانی ئێزدی لە پزیشکیی دادی بەغدا گەڕێنرانەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێن.

دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناغی هەشتەم، ڕووفاتی 22 کوردی ئێزدی، دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی پشکنینی (DNA)، لە پزیشکیی دادی بەغداوە گەڕێنراونەتەوە پزیشکیی دادی مووسڵ.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی سبەی چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، ڕووفاتەکان لە ڕێوڕەسمێکدا لە گوندی "سۆلاغ"ـی سەر بە شنگال، ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە، دواتر لە زێدی خۆیان بە خاک بسپێردرێن. 

لەو ڕووفاتانەی لە پزیشکی دادی بەغدا گەڕێنراونەتەوە، 17ـیان ڕووفاتی پیاوانان، چواریان ئافرەتان و یەکێکیشیان هی منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵە. قوربانییان خەڵکی گوندەکانی (کۆچۆ، تەلعوزێر، قونێنە، سۆلاغ، هەمەدان و حەردان)ـن. 

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوى 'پتریکور' بۆ مافى مرۆڤ، تاوەکوو ئێستا 93 گۆڕى بەکۆمەڵ و 13 گۆڕى تاکە کەسى لە شنگال دۆزراوەتەوە. لەو 93 گۆڕە بەکۆمەڵە ڕووفاتى 798 هاووڵاتیی ئێزدى بۆ ناسینەوە ڕەوانەى بەغداد کراون، بە گەیشتنەوەى قۆناغى هەشتەمى ڕووفاتەکان، 296 ڕووفات رادەستى خێزان و کەسوکاریان کراونەتەوە.

بە گوێرەی ڕێکخراوەکە، پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان کە زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە، زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت و حکوومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان نەکردووە. 

ساڵی 2014 داعش پەلاماری شنگالی دا، لەو کاتەدا جگە لە کۆمەڵکوژی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ئێزدی، ژمارەیەکی زۆر ئافرەت و منداڵیش ڕفێندران و بە کۆیلە کران، ئەوانەی کوژراون، خراونەتە گۆڕی بە کۆمەڵەوە.