عێراق ئامادەیی خۆی بۆ کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس دەربڕی

سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، وەزیری وزەی سووریا، محەممەد بەشیر و شاندی یاوەری لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی کۆبووەوە و تاوتوێی هاوکاریی وزەیان لە نێوان هەردوولا کرد.
ئاژانسی سانای سووری بڵاوی کردەوە، لە میانی دیدارەکەیاندا، محەممەد بەشیر باسی لە دۆخی کەرتی وزەی سووریا کرد و ڕوونیکردەوە کە سووریا جگە لە بەرهەمی ناوخۆ، مانگانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هاوردە دەکات، بۆ دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان.
وەزیری وزەی سووریا، جەختی لە گرنگی بەستنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان سووریا و عێراق کردەوە و گوتی: بۆری نەوتی نێوان کەرکووک و بەندەری بانیاس زۆر کۆن بووە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق خواستی وڵاتەکەی بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکووک- بەندەری بانیاس دەربڕی و پێشنیازی کرد ڕاوێژ بە دەزگایەکی تایبەتمەند بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کاراکردنەوەی بۆریەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەوانەیە بۆریە کۆنەکە نۆژەن بکەنەوە، یان بۆریەکی نوێ دروست بکەن.
یاریدەدەری وەزیری وزەی سووریا بۆ کاروباری نەوت، غیاس دیاب، گوتی: وێستگەکانی پەمپکردن بەدرێژایی ڕێڕەوی بۆرییەکە خەریکە لەناو دەچن، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی گشتگیر هەیە، لەوانە نوێکردنەوەی بۆری و تانک و پەمپەکان، ئەمە جگە لە ژێرخانی کارەبا و کارە مەدەنییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، نۆژەنکردنەوەی بۆرییە کۆنەکە لەگەڵ دروستکردنی بۆرییەکی نوێ، توانای ئابووری زیاتر دەڕەخسێنێت.
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ڕاسپاردنی تیمی تەکنیکی و ڕاوێژکاری هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەماهەنگی ڕاستەوخۆی پڕۆژەکانی هاوکاریی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە کەرتی وزە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو لا و بەشداریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.