نێچیرڤان بارزانی به‌ جیا پێشوازی له‌ شاندێكی ره‌وتی حیكمه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق ده‌كات

هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، ره‌وشی ئێستای عێراق، گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان تاووتوێ كرد

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 29/9/2020، به‌ جیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق و شاندێكی باڵای ره‌وتی حیكمه‌ی كرد.

نێچیرڤان بارزانی، له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ فائق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق، جه‌ختیان له‌ پاراستنى سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و تێكه‌ڵنه‌كردنى له‌گه‌ڵ سياسه‌ت كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕه‌چاوكردنى تايبه‌تمه‌نديى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌، هاوكات ستايشى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستانيان كرد.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى داد ئاماده‌ى بوون، بابه‌تى پێكهاته‌ و كار و ئه‌ركى دادگاى فيدراڵى و ميكانيزمى ته‌واوكردنى ئه‌ندامانى و چۆنيه‌تيى ده‌ستنيشانكردنيان به‌پێى ڕێكاره‌ ده‌ستوورييه‌كان خرانه‌ به‌ر باس و جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كرده‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی باڵای ره‌وتی حیكمه‌ش، كه‌ شێخ حه‌مید معه‌له‌ ئه‌لساعدی، سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ی ده‌كرد، دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکان و هەڵبژادنە پێشوەختەکانى عێراق و بابەتى دادگاى فیدراڵى و میکانیزمى دەستنیشانکردنى ئەندامانى تازەى دادگاکە، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕابوون کە پێشهاتە ئەمنییەکانى عێراق و هەڕەشەکردن لە نێردە دیپلۆماسییەکان، بەرژوەندیى وڵات دەخەنە مەترسیى جددییەوە و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکان پێویستى بە کارى هاوبەش و هەماهەنگیى نێوان لایەنە عێراقییەکان و ڕەچاوکردنى بەرژوەندییەکانى وڵات هەیە.

نێچیرڤان بارزانى جەختى لە ئامادەیى و خواستى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى تەواوى کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەردوولا و تەواوى کێشە ناوخۆییەکانى عێراقى بە کلیلى سەقامگیریى وڵات لە قەڵەم دا.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاندێكی باڵای ره‌وتی حیكمه‌
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاندێكی باڵای ره‌وتی حیكمه‌