ئوردن و ئەمەریکا پشتیوانی خۆیان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپات کردووە

کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئۆردن و سووریا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە عەممانی بەڕێوە چوو و لە کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن کە گرووپێکی سێقۆڵی بۆ کارکردن لەسەر هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەقامگیری پارێزگای سوەیدا و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان پێک بهێنن.

سێشەممە 12ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە عەممان لەگەڵ هەر یەکە لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.

لە ڕەگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، ئوردن و ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ سووریایەکی سەقامگیر، خاوەن سەروەر، یەکگرتوو و سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان دووپات کردەوە، داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی هاوکاری سووریا بکات.

جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، پارێزگای سوەیدا بە هەموو پێکهاتە جیاوازییەکانییەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە سووریا، بەمەش بۆ سووریایەکی خۆشگوزەران بۆ هەموو هاووڵاتییانی، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و لە داهاتوو سووریا ڕۆڵیان هەبێت.

هەروەها ئوردن و ئەمەریکا پێشوازییان لە هەنگاوەکانی حکوومەتی سووریا لەوانە، بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی لە تاوان و پێشێلکاری لە پارێزگای سوەیدا دەستییان هەبوو، زیاد کردنی ڕێژەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو پارێزگایە، کاراکردنەوەی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان، نۆژنەکردنەوەی باڵەخانە و شوێنەکانی دیکە، پێشوازیکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی حکوومەتی سووریا لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە پارێزگای سوەیدا کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر سێ لایەن ڕێککەوتن کە لە هەفتەکانی داهاتوودا بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانە کۆبوونەوەی دیکە بکەن، هاوکات لە سەر پێکهێنانی گرووپێک لە نێوان ئەو سێ وڵاتە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی سووریا لە هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری پارێزگای سوەیدا و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان ڕێککەوتن.

هاوکات هەر لە سەردانەکەی تۆم باراک و شەیبانی بۆ ئوردن، بە جیا لەگەڵ شا عەبدوڵڵا شای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و شا عەبدوڵڵا پشتیوانی خۆی بۆ سووریایەکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و یەکگرتوو دووپات کردەوە، هاوکات جەختیشی لە گرنگی ڕۆڵی واشنتن لە پشتگیری کردنی سووریا بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە کردووەتەوە.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوە چوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، لە کۆبوونەوەی نێوان سەفەدی، شەیبانی و تۆم باراک، تاوتوێی دۆخی سووریا و هەوڵەکان بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە کرا، هەروەها هەر سێ لا پشتگیرییان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدا کرد، هەروەها جەختیان لە ڕێگریکردن لە دووبارە خوێنڕشتن و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل کردەوە.

لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە هەزار و 400 کەس کوژران.