زێلێنسکی: بۆ ئاگربەست ئاماژەیەکی باشمان لە لایەن ڕووسیاوە پێگەیشتووە
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئەمەریکا دەستکەوتێکی تاکەکەسییە بۆ ئەو سەرۆکە، هەروەها ڕەتی کردەوە هێزەکانی لە هەرێمی دۆنباسی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی بکشێنێتەوە، دەشڵێت، هێمایەکی باشیان لەبارەی ئاگربەست لەلایەن ڕووسیاوە پێگەیشتووە.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە لە هەرێمی دۆنباس ناکشێینەوە، ئەگەر ئەمڕۆ لە دۆنباس، قەڵاکانمان، خاکەکەمان، لەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵمان کردووە بکشێینەوە، ئەوا ڕێگا بە ڕووسیا دەدەین داگیرکاری زیاتر بکەن.
هەرێمی دۆنباس ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسکی کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە هی خۆی دەزانێت و لە سەرەتای جەنگەوە لە ساڵی 2022ـەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدات.
گوتیشی: کۆبوونەوەی پوتن لە نێو خاکی ئەمەریکا، من بە دەستکەوتی تاکەکەسی بۆ سەرۆکی ڕووسیا دەبینم، هاوکات ئەم کۆبوونەوەیە،سزاکانی سەر ڕووسیا دوا دەخات.
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد، لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ئاماژەیەکەی باشیان لەبارەی ڕازیبوونی ڕووسیا بە ئاگربەستەکە پێگەیشتووە، کە ئەمە یەکەم ئاماژەیە لەلایەن ئەوانەوە.
زێلێنسکی کە بڕیار نییە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات، نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەوا پیشاندا کە ڕەنگە ڕووسیا داواکاری قورس پێشکەش بکات و ئەمەریکاش لەبارەوە ڕێککەوتن بکات. لە وانیش دەستبەرداربوون لە خاکەکەمان.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025، دەچێتە ئەنکۆریج لە ویلایەتی ئالاسکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن و گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندی دوو لایەنییان.
دووشەممە 11ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەکەین و پێی دەڵێم دەبێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنیت. پێم وایە لە ئاگربەست نزیک دەبینەوە. هاوکات دوای کۆبوونەوەکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا دەکەم.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستبووڕوو، دۆخەکە ئێستا زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سەیری هەموو بژاردەکان دەکەن. ڕەنگە پێویست بکات ئەو دوو وڵاتە دەستبەرداری هەندێک ناوچەکانیان ببن، هەوڵدەدەین ئاگربەستێکی دادپەروەرانەمان هەبێت.گوتیشی: دەزانم زێلێنسکی نایەوێت دەستبەرداری هیچ خاکێکی بێت، بەڵام دەبێت واقیعی بێت و درێژە بەو جەنگە نەدات.
ترەمپ ئاماژەشی دابوو، کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان پوتن و زیلێنسکی دەبێت، ئەگەر پێویستیشی بکات، منیش ئامادە دەبم.
لە دوای ساڵی 2021ـەوە ئەمە دەبێت یەکەم دیداری ئەو دوو سەرۆک، کە بەگوێرەی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای پوتن بووە و باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ترەمپ بۆ نێوانگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا کە ماوەی نزیکەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.