ماسیی دەریاچەی زرێبار سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە؛ "ڕاوەماسی دەروونمان ئارام دەکاتەوە"

دەریاچەی زرێباری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی سروشتە دڵڕفێن و ئاوە سازگارەکەیەوە، بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران و خولیایانی ڕاوەماسی. 

ڕاوکردنی ماسی بە قولاپ، کە زیاتر وەک حەز و خولیایەکی کەسی سەیر دەکرێت نەک کار و کاسبی، چێژێکی تایبەت بە گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە دەبەخشێت.

دەریاچەی زرێبار، کە وەک گەورەترین کانیاوی ئاوی شیرینی جیهان ناسراوە، ماڵی چەندان جۆر ماسییە و ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی لەبار بۆ ئەوانەی حەزیان لە ڕاوەماسییە. گەشتیارانی کەم نین کە سەردانی مەریوان دەکەن و تامی ماسیی بەناوبانگی زرێبار نەکەن.

هاووڵاتییان و گەشتیاران لە کەنارەکانی دەریاچەکە بە قولاپەکانیانەوە سەرقاڵی ڕاوەماسی دەبن و ئەم دیمەنە بووەتە بەشێک لە جوانییەکانی زرێبار. بە گوتەی یەکێک لە ماسیگرەکان، ئەم کارە پێویستی بە سەبر و حەزێکی زۆر هەیە و هەندێک جار ڕۆژێک بەدیار قولاپەکەوە دادەنیشن بێ ئەوەی یەک ماسیش بگرن، بەڵام چێژی کارەکە لە گرتنی ماسییەکەدا نییە، بەڵکو لەو ئارامییە دەروونییەدایە کە لە کاتی ڕاوکردنەکەدا بەدەستی دێنن.

یەکێک لە گەنجە ماسیگرەکان ئاماژەی بەوەدا کە ڕاوەماسی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دوورکەوتنەوە لە فشار و کێشەکانی ژیان و بۆ ماوەیەکیش بێت مێشکیان ئارام دەکاتەوە. ئەو دەڵێت: "ڕۆژ هەیە هیچ ماسییەک ڕاو ناکەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە حەزی پێدەکەین و لەو کاتەدا ئارام دەبینەوە."

نەک هەر خەڵکی مەریوان، بەڵکو هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ ڕاوەماسی ڕوو لە زرێبار دەکەن. هاووڵاتییەک کە لە شاری سنەوە هاتبوو، باس لەوە دەکات کە چێژ لە کەشوهەوا و سروشتی زرێبار وەردەگرێت و لە ڕاوەماسی ماندوو نابێت.

پسپۆڕانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن، زرێبار ژینگەی زیاتر لە 31 جۆر باڵندەی کۆچەر و ناوچەیی و چەندین جۆر ماسییە. هەرچەندە لەم دواییانەدا بەهۆی زیادبوونی پاشەڕۆ و قەوزەوە، مەترسی لەسەر ژیانی ماسییەکانی دەریاچەکە دروست بووە.

ڕاوەماسی بە قولاپ لە دەریاچەی زرێبار، جگە لەوەی وەرزش و خولیایەکی خۆشە، هۆکارێکیشە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی و جەستەیی ئەو کەسانەی سەرقاڵی دەبن و بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم ناوچە جوانەی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment