کۆمیسیۆن: سەدا 99ـی ئامێرەکانی دەنگدان بێ کێشەن
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چڕکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی هەرە زۆری ئامێرە نوێیەکانی دەنگدان بێ کێشەن و لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا مەرەکەبی دەنگدان بەکارناهێنرێت.
ڕاهێنان بە کارمەندان و تاقیکردنەوەی ئامێرەکان لە هەولێر
لەم چوارچێوەیەدا، لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن، مەشق و ڕاهێنان بە کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکرێت بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی ئامێرە نوێیەکان. دکتۆر هەیسەر، بەرپرسی مەشق و ڕاهێنانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئامێرەکانی دەنگدان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە. ئێستا وۆرکشۆپێکمان بۆ کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، تا بەتەواوی شارەزای ئامێرە نوێیەکان بن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تاقیکردنەوەی پێویست بۆ ئامێرەکان کراوە و کێشەکانی پێشووتریان چارەسەر کردووە. باسی لەوە کرد "گرفتی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بوو. ئێستا تێستی تەواوەتیمان بۆ ئامێرەکان کردووە و دەرکەوتووە کە 99%ـی ئامێرەکان هیچ گرفتێکیان نییە. ئەگەر کارتی بایۆمەتریی کەسەکە لەناو ئامێرەکەدا بێت، ئامێرەکە دەتوانێت پشت بە ڕووخساریش ببەستێت بۆ ناسینەوەی دەنگدەر."
سەبارەت بە گەیشتنی ئامێرەکان، دکتۆر هەیسەر گوتی: "ئامێرەکان بە چەند قۆناغێک لە کۆریای باشوورەوە پێمان دەگەن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێکی دیکەیان دەگەنە دەستمان."
هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردنی لە ڕۆژی دەنگداندا دەرکردووە. لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمیسیۆن هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەی لە پرۆسەکەدا بەکاردێت، کە پشت دەبەستێت بە کارتی بایۆمەتری، هاوتاکردنی سێ پەنجەمۆر و کامێرای بەستراو بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە.
بە گوتەی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن، ئەم سیستمە نوێیە ڕێگری لە دەنگدانی دووبارە دەکات و پێویستی بە مەرەکەب نامێنێت، ئەمەش پرۆسەی دەنگدان بۆ هاووڵاتیان ئاسانتر دەکات و ڕێگری لە هەر گرفتێکی تەکنیکی دەکات.