ئەمڕۆ لە سنووری شارەوانی شەمامک دەست بەدابەشکردنی زەوی دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، دەست بە دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانی شەمامک دەکرێت و تیروپشک بۆ هەزار و 954پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی ئەنجام دەدرێت.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ، لە سنووری ناوچەی شەمامکی سەر بە هەولێر، تیروپشک بۆ هەزار و 954 پارچە زەوی دەکرێت". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژەی سەوزایی لەو زەوییانەدا لە سەدا 25 کەمتر نابێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە 27ـی ئاداری 2024، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەرچوو. بڕیارەکە تایبەتە بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوونە. ئەم بڕیارە لە 28ـی ئاداری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
پێشتر و لە قۆناغەکانی یەکەم و دووەمدا، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرابوو و ئامادەکاریش بۆ قۆناغی سێیەم دەکرێت. بە گشتیی، تا ئێستا شەش شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، تیروپشکی پێدانی زەوییان بە فەرمانبەران ئەنجام داوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە سنووری پارێزگای هەولێردا، بە گشتیی، وردبینی بۆ ناوی 450 هەزار فەرمانبەر کراوە و لە 18سەرۆکایەتی شارەوانیدا تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی ئەنجام دەدرێت.
لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئه‌ندازیار كارزان هادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، تا ئێستا له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێردا له قۆناغی یه‌كه‌م و قۆناغی دووه‌مدا زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر دابه‌شكراوه و ئێستاش ئاماده‌سازی بۆ قۆناغی سێیه‌م ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر له‌باره‌ی واده‌ی قۆناغی سێیه‌می دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ڵێت: له ئێستادا تیمه‌كانمان به به‌رده‌وامی، له كاتی ده‌وامی ئاسایی و دوای ده‌وام و ته‌نانه‌ت له ڕۆژانی پشووشدا كار له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی بۆ قۆناغی سێیه‌م ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات قۆناغی سێیه‌میش ده‌ستپێبكات.
له هه‌ردوو قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌مدا، زه‌وی له سنووری ئاشۆكان و داره‌به‌ن و سه‌یدان و خه‌رابه‌دراو له سنووری سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕێگه‌ی هه‌ولێر- دهۆك دابه‌ش كرا. سه‌باره‌ت به زه‌وییه‌كانی قۆناغی سێیه‌میش، كارزان هادی دەشڵێت: شاری هه‌ولێر خاوه‌نی ماسته‌رپلانه و له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێردا كرا كه هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئه‌ندام بوون، له ماسته‌رپلانی هه‌مواركراودا ڕێگه‌ی هه‌ولێر- دهۆك بۆ نیشته‌جێبوون دیاریكراوه. بۆیه به‌دڵنیایییه‌وه زه‌وییه‌كان زه‌وی زۆر باشن و یه‌كێك له ئامانجه‌كانیش گه‌یاندنی شاری هه‌ولێره به زێی گه‌وره.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر دڵنیاییش ده‌داته فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت و ڕاشیگەیەند، به‌پێی پلان تیمه‌كانمان به به‌رده‌وامی كار ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له ئیشكردن تاكوو سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زه‌وی وه‌رده‌گرن.