پڕۆژە یاسای لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران پەسەند کرا
به گوێرهی یاسایهك موڵكی گشتی دهپارێزرێت
K24 – ھەولێر:
پەرلەمان پرۆژە یاسای لە ئەستۆکردنی فەرمانبەرانی پەسەند کرد، بە گوێرهی ئەو پرۆژەیە بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێ ئەم یاسایە موڵکی گشتی دەپارێزێت و دەبێت هەر کەسێك لە هەر ئاست و پلەیەکی گشتیدا بێت، لە حاڵەتی بە ئەنقەست زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی، قەرەبوی زیانەکە بکاتەوە. ئەم یاسایە لە چوارچێوەی چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەمە.
بە دەنگی 71 پهرلهمانتاری کوردستان پرۆژە یاسای لە ئەستۆکردنی فەرمانبەر پەسەند کرا. ئەم پرۆژەیە لە 18 ماددە پێکهاتووە و پێشتر بۆشاییەکی یاسایی هەبوو، کە ئەو یاسایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بودجەی بەکارخستن. بەگوێرەی ئەو پرۆژەیە هەر فەرمانبەرێك لە پلەی وەزیری تا فەرمانبەری ئاسایی، ئەگەر زیانی بە موڵکی گشتی گەیاند و دەرکەوت بە ئەنقەست بووە، دەبێت قەرەبووی زیانەکە بکاتەوە و کۆی پارەی قەرەبووەکە بە یەك جار بدات، یان بۆی بکرێتە قیست و لە ماوەی 5ساڵدا قیستەکە بداتهوه.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاککردنەوەی موڵکە گشتیەکانی دەوڵەت بودجەیەکی زۆر دابین دەکات. ئەمەش زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، بودجەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و فەرمانبەرانیش ناچار دەکات زیان بە موڵکی گشتی نەگەیەنن و پێشتر لەم بارەیهوە یاسای تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان نەبووە.