ئەمەریكا رەتیدەكاتەوە كۆمێنت لە سەر داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بدات

ھیچ لێبوردنێك بۆ ئەو ھەڕەشەكانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق نییە

K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ دووشممە 28/ئەیلوول/2020 جەختیكردەوە لەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لێبوردە نابێت لەگەڵ ئەو ھەڕەشانەی "ئاراستەی ئەو پیاو و ئافرەتانەمان دەبنەوە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات خزمەت دەكەن و دوودڵیش نابین لە گرتنەبەری ھەر رێكارێكدا، كە بە پێویستی بزانین بۆ پاراستن و سەلامەتی ھاووڵاتییانمان".

گوتەبێژه‌كه‌ جارێكی دیكە رەتیكردەوە ھیچ كۆمێنتێك لە سەر ئەو راپۆرتانە بدات، ئەوانەی باس لە نیازی ئەمەیكا دەكەن لە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، ئەگەرحكومەتی بەغدا میلیشیاكانی سەر بە ئێران رانەگرێت لە بۆردومانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و بە ئامانجكردنی ھێزەكانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، گوتیشی: ھیچ كۆمێنتێك نادەین لە سەر گفتوگۆ دیبلۆماسییەكانی تایبەت بە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەركردە بیانییەكان".

روونیشیكردەوە، "پێشتر روونمانكردووەتەوە، كەوا رەفتارەكانی گرووپە لە یاسا دەرچووەكان گەورەترین رێگرە لە بەردەم بەرقەراری لە عێراقدا و شتێكی قبوڵكراو نییە ئەو گرووپانە مووشەك بگرنە باڵیۆزخانەمان و ھێرش بكەنە سەر دیپلۆماته‌  ئەمەریكییەكان و ئەوانی دیكە و ھەڕەشە لە یاسا سیستەم بكەن لە عێراقدا".