ژاپۆن.. بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ

لە کاتێکدا خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا یادی 80 ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم دەکەنەوە، دانیشتوانی دوورگەی ئۆکیناوای ژاپۆن دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بەو بنکە سەربازییەی ئەمەریکا دەردەبڕن کە لە دوورگەکەیاندا جێگیر کراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکەی 54 هەزار سەربازی لە ژاپۆن جێگیر کردووە، کە زۆربەیان لەو بنکە سەربازییەی ئۆکیناوادان، زنجیرەیەک ڕووداوی دڵتەزێن، وەک دەستدرێژی سێکسی لە لایەن ئەو سەربازانەوە، دانیشتووانی دوورگەکەی تووڕە کردووە.

هیرۆماسا ئیها، پیاوێکی تەمەن 72 ساڵانی دانیشتووی دوورگەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: بۆ ئێمە، ئەم تاوان و ڕووداوانە کاری تاکە کەسیی نین و هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەین لەوەی ئەگەری دووبارە بوونەوەیان زۆرە.

ئێمە دەمانەوێت ئەو بنکەیە لێرە نەمێنێت

شەڕی خوێناویی ئۆکیناوا لە کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بووە هۆی داگیرکردنی دوورگەکە لە لایەن ئەمەریکاوە؛ پاش ئەوە، ئەمەریکییەکان دەستیان بەسەر زەویی تایبەتیی خەڵکی ئۆکیناوادا گرت بۆ فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە بە "هەڵمەتی سەرەنێزە و بلدۆزەر" ناسرابوو.

تەنیا لە ساڵی 2024دا، پۆلیسی ئۆکیناوا 80 کەسی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر کردووە کە سەربازی ئەمەریکی یان بەڵێندەرە سەربازییەکانی ئەو بنکەیە بوون، لەوانە حەوتیان تاوانی توندوتیژیی قورسیان کردووە.

لە نیسانی 2016دا، سەربازێکی خانەنشینکراو، کە وەک بەڵێندەرێکی سەربازی لە ئۆکیناوا کاری دەکرد، دەستدرێژی کردە سەر ئافرەتێکی 20 ساڵان و کوشتی.

ڕاپرسییەکان لە ئۆکیناوا دەریان خستووە کە زۆرینەی دانیشتووان پێیانوایە کە دەبێت ژاپۆن ئەو بنکانەی ئەمەریکا لەسەرانسەری ژاپۆندا جێگیر بکات، نەک تەنیا لە ئۆکیناوا.

جونیکۆ ئیراها، سەرۆکی هاوپەیمانیی گرووپەکانی ئافرەتان لە ئۆکیناوا، گوتی: داواکارییە دووبارەکانی ئێمە لە دەسەڵاتدارانی تۆکیۆ، بۆ ڕێگریی لە تاوانەکانی سەربازانی ئەمەریکی تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خراون.

ئیراها گوتی: مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئێمە ڕقمان لە ئەمەریکییەکان بێت. ئێمە دەڵێین، تکایە هەڵسوکەوتی سەربازەکانتان لەم بنکەیە کۆنترۆڵ بکەن.

ئەو پێیوایە ئۆکیناوا، کە داهاتی پەیوەست بە بنکەکان نزیکەی%6 ـی ئابوورییەکەی پێک دەهێنێت، دەتوانێت تەنیا بەهۆی گەشتیارییەوە گەشە بکات، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران کە کەنداوە جوان و مەرجانییەکانی دوورگەکە سەرنجیان ڕادەکێشرێت.

ئۆکیناوا، کە بەهەشتێکی نیمچە خولگەییە و ناوچەیەکی ناسراوی گەشتیارییە، %70 هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە  ژاپۆن لە بنەکە سەرەکییەکەی ئەم دوورگەیە جێگیر کراون؛ ئەمەریکا لێرەوە چاودێریی چین، گەرووی تایوان و نیمچە دوورگەی کۆریا دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment