ساڵیادی تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدرییە؛ "برینمان ساڕێژ نەبووە، وادەزانم دوێنێ بووە"

لە ساڵیادی تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدری، کەسوکاری قوربانییان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، قەرەبوویان بکەنەوە و کەسانی پشت هێرشەکان ئاشکرا و دەستگیر بکات. 

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، 18 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی کۆمەڵگەکانی گرعوزێر (قەحتانیە) و سیپا شێخ خدری (جەزیرە) لە سنووری شنگال تێ دەپەڕێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 کەس گیانیان لە دەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون. 

مام یوسف، کە لە تەقینەوەکاندا کەسوکاری لە دەست داوە، تەقینەوەکە بە یەکێک لەو دەیان فەرمانە وێنا دەکات کە بە درێژایی مێژوو بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە. ئەو گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکات و بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: " خوای گەورە مافی ئێمە لەو کەسانە بسەنێت کە لە پشت هێرشکەوە بوون، چونکە ئەوان دڵی ئێمەیان سووتاند. شەهیدەکانمان لە بیرکراون و کەس لە خەمیاندا نییە، حکوومەتی عێراقیش وەکوو پێویست قەرەبووی قوربانییانی نەکردووەتەوە و تا ئێستاش ئەنجامدەرانی هێرشەکەی دەستگیرنەکردووە و ناسنامەیان ئاشکرا نەکردووە."

 

یادکردنەوەی  تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدری (وێنە: کوردستان24)

 

ئافرەتێکی دیکەی ئێزدی، کە چوار برا و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە هەمان تەقینەوەدا کوژراون، بە هەمان شێوە باس لەوە دەکات کە برینەکانیان هێشتا سارێژ نەبوونەتەوە. ئەو دووپاتی دەکاتەوە: "تا هەتایە تەقینەوەکەمان لە یاد ناچێت، وادەزانم دوێنێ بووە. تا ئێستاش ئێسک و پروسکی براکانم دیار نین و نازانم چییان لێ هاتووە؟". دەشڵێت: "دەمانەوێت بزانین چیمان کردووە، ئەو هەموو فەرمانانەمان بەسەردا دێت؟ خەتای ئێمە چی بووە؟"

وەک ئافرەتەکە دەڵێت: "ئەوەی لەو تەقینەوەدا ڕزگاری بووە، لە فەرمانی داعشدا کوژراوە. تا ئێستا 74 فەرمانمان بەسەردا هاتوون، یەک لەوەی دیکە خراپتر تەنیا لەبەر ئەوەی ئێزدین. دەمانەوێت دەنگمان بگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوا دەکەین ڕێگری بکرێت لەوەی جارێکی دیکە فەرمان بەسەر گەلی ئێزدیدا بهێنرێت."

 

یادکردنەوەی  تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدری (وێنە: کوردستان24)

 

تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدری

ڕۆژی 14ی ئابی 2007، زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە کۆمەڵگەکانی گرعوزێر (قەحتانیە) و سیپا شێخ خدری (جەزیرە) لە قەزای شنگال، بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە. ئەم هێرشانە کە هاووڵاتییانی ئێزدییان کردە ئامانج، بە یەکێک لە خوێناویترین کردەوەی تیرۆرستی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دادەنرێت.

تەقینەوەکان لە ڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پڕ لە ماددەی تەقەمەنی و "تی ئێن تی" ئەنجامدراون کە لەلایەن خۆکوژانەوە لێدەخوڕران. هێرشەکان لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی ڕوویاندا.

ئاماری قوربانییان

بەپێی ئامارەکان، لەم تەقینەوانەدا زیاتر لە 314 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، نزیکەی 700 خانوو بە تەواوی وێران بوون و 1200 خانووی دیکەش زیانیان بەرکەوت. بەهۆی سەختی تەقینەوەکانەوە، ناسنامەی 41 قوربانی نەزانرا و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە شنگال بەخاک سپێردران. ئەم کارەساتە بووە هۆی بێ سەرپەرشتبوونی نزیکەی 400 منداڵ.

بەرپرسیارێتیی هێرشەکان

هەرچەندە هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی، پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق درێژ دەکرا. لە 3ی ئەیلوولی 2007، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەسێکیان بە ناوی "ئەبو محەمەد ئەلعەفری" کوشتووە، کە گومانی لێدەکرا پلاندانەری سەرەکی تەقینەوەکان بووبێت.

قەرەبوونەکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان

تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدر، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دانیشتووانی ئێزدی و تەواوی ناوچەکە بەجێهێشت. زۆرێک لە بریندارەکان تا ئێستاش پێویستیان بە چارەسەرە و حکومەتی عێراقیش تا ڕادەیەکی زۆر کەمتەرخەم بووە لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.