وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە دەکات

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی پرۆژەی تێڕوانینی ئیسرائیلی گەورە دەکات و دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆکاری نا سەقامگیری ئاسایش لە ناوچەکەدا.

پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی پرۆژەی تێڕوانینی ئیسرائیلی گەورە دەکات و پێی وایە ئەم پرۆژەیە بەڕوونی خواستی ئیسرائیل ڕوون دەکاتەوە کە خواستی فراوانکردنی سنوورەکانی هەیە و دەبێتە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیری ئاسایش لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو لێدوانانە سەبارەت بە فراوانکردنی سنووری ئیسرائیل، پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دەشڵێت: پرۆژەکە پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لێدوانەکان لەبارەی ئیسرائیلی گەورە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی دەیکاتە سەر کەرتی غەززە و ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی فەڵەستین دەیکات.

دەڵێت: پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە پێویستی بە هەڵوێست و جووڵەی کردەیی هەیە بۆ وەستاندنی ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات.

دوێنێ 13ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی i24ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند: خواستی دروستکردنی ئیسرائیلی گەورەیان هەیە، پرۆژەکەش پرۆژەیەکی مێژووییە، دووپاتی کردەوە، پابەندی تێڕوانینی ئیسرائیلی گەورە دەبێت.

ئیسرائیلی گەورە چەمکێکی مێژوویی و سیاسیی ئاڵۆز

زاراوەی "ئیسرائیلی گەورە" بەدرێژاییی مێژوو مشتومڕێکی زۆری لەسەر بووە و هەڵگری چەندین مانای جۆراوجۆری تەوراتی و سیاسییە، ئەم چەمکە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ سنوورە مێژووییەکان یان ئەو سنوورانەی کە ئیسرائیل چاوی لەسەریەتی، بەڵام لێکدانەوەکانی لە سەردەمە جیاوازەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

لە سەردەمی ئێستادا، باوترین پێناسە بۆ "ئیسرائیلی گەورە" ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دامەزراوە، لەگەڵ ئەو خاکەی فەڵەستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە کە لە چوارچێوەی ململانێی ئیسرائیلی-فەڵەستینیدا ماونەتەوە.

بەڵام لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، ئەم زاراوەیە مانایەکی فراوانتری هەبووە، ئیسرائیلییەکان لە سەرەتادا زاراوەی "ئیسرائیلی گەورە"یان بۆ تەواوی ئەو ناوچانە بەکاردەهێنا کە لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوون، ئەمەش نەک تەنها فەڵەستینی نە دەگرتەوە، بەڵکو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردنیشی لەخۆ دەگرت، کە دواتر وڵاتی ئوردنی لێ دروست بوو و پێش ساڵی 1923 گەشەیەکی سەربەخۆی بەخۆیەوە بینی.

هەندێک لێکدانەوەی ئایینی و سیاسیی توندڕەوانە هەن کە خەون بە دامەزراندنی "ئیسرائیلی گەورە"دەبینن کە لە ڕووباری فوراتەوە لە عێراق درێژبێتەوە بۆ سەر کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، وەک ئەوەی لە بەڵێنەکانی تەوراتدا هاتووە، ئەم تێڕوانینە فراوانە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل وەک دوژمنی سەرەکی لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە سەیر بکرێت، ئەمەش چەندین شەڕ و ململانێی لێکەوتووەتەوە.

ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوەی چەمکی "ئیسرائیلی گەورە"دا، ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی مێژووی ناوچەکە و ململانێ سیاسی و ئایینییە بەردەوامەکانە.

ئیسرائیلی گەورە" زاراوەیەکە گوزارشت لە تێڕوانینێکی مێژوویی و ئایینی دەکات کە پەیوەستە بە فراوانکردنی سنوورەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، کە ڕووبەرێکی فراوانتری خاک لەخۆدەگرێت. ئەم بیرۆکەیە پەرەی سەندووە و سنوورەکە ئەو خاکە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری نیل و ڕووباری فورات.

پایتەختی ئیسرائیلی گەورە

بیر لەوە دەکرێتەوە، پایتەختی ئیسرائیلی گەورە، قودس (ئۆرشەلیم) بێت، ئیسرائیلییەکان ئەم خەونیان ئەوەیە یادەوەریی شانشینی پێغەمبەران داود و سولەیمان زیندوو بکەنەوە کە لەو سەردەمەدا شانشینی ئیسرائیل لە لووتکەی هێزی خۆیدا بوو.

دەقێکی ئایینی جووەکان ئاماژە بەم خەونە دەکات و دەڵێت: "دەست بەو خاکەوە دەگرین کە لە ڕووباری میسرەوە تا ڕووباری فورات. درێژ دەبێتەوە".