ترەمپ: ئەگەر پرسی ئۆکرانیا چارە نەکرێت، سزا بەسەر ڕووسیا دەسەپێنم

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئەگەر لەگەڵ پوتن، لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و پرسی خاکی وڵاتەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتن، سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت.

پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند: بە ڕێژەی 25% ئەگەری هەیە کۆبوونەوەکەی نێوانمان سەرکەوتوو نەبێت و نەگەینە هیچ ڕێککەوتنێک.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ پوتندا، گفتوگۆ لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و پرسی خاکی ئەو وڵاتە دەکەین.

ترەمپ دووپاتی کردەوە، کە هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت. هاوکات پێی وایە کە پوتن دەیەوێت ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا واژۆ بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لەگەڵ پوتن، لەبارەی ئۆکرانیا نەگەیشت بە هیچ ڕێککەوتنێک، ئەوا سزا بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت.

ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر لەسەر پرسی ئۆکرانیا لەگەڵ پوتن ڕێکبکەوێت، ئەوا دواتر کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت.

بڕیار وایە، ڕۆژی هەینی 15ـی ئابی 2025، ڤلادیمیر، پوتن سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەلاسکا کۆببنەوە، بۆ مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەستی جەنگی سێ ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە لە 24ـی شوباتی 2022 دەستی پێکردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment