پوتن: ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هەوڵی ڕژد دەدات

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: ئیدارەی ترەمپ زۆر پەرۆشە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، لەم بارەوەش دڵسۆزانە لە هەوڵەکانی بەردەوامە، بۆیە ئێمە ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانیان دەکەین.

پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە گوتی: دەبینم کە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی چالاک، ڕژد و دڵسۆزانە دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ئێمەش ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانیان بەو ئاراستەیە دەکەین.

هاوکات پوتن ئاماژەی بەوە کرد، ڕەنگە مۆسکۆ و واشنتن بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ترەمپ باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکەین، ئەمەریکاش لەو بارەیەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نەهێشتنی قەیرانەکان لە ئۆکرانیا.

لای خۆیەوە یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ترەمپ، سبەینێ هەینی لە ویلایەتی ئالاکسا لە ئەمەریکا، کاتژمێر 10:30ـی شەو بە کاتی مۆسکۆ، بەڕێوە دەچێت.

ئوشاکۆڤ، ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو سەرۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پوتن و ترەمپ ناوەرۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment