قوباد تاڵەبانی: غەدرم لە سەڵاح كوێخا كرد و پەشیمانم
"داوای لێبوردن لە ھاوسەرەكەی دەكەم"
K24 – ھەولێر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەبۆنەی كۆچی دوایی سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "غەدرم لە سەڵاح كوێخا كرد و پەشیمانم، داوای لێبوردن لە ھاوسەرەكەی دەكەم".
لە پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی ھاتووە: "لە ژیانمدا لە کەم شت پەشیمانم. بەڵام هەست دەکەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە کرد. دوو ساڵ بوو داوای دەکرد خانەنشینی بکەم و هەڤاڵێکی تر لە شوێنەکەی دەستبەکار بێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە کە لەبەر هەستیاری دۆخەكە و ئەو هاوسەنگیەی رایگرتبوو و هەروەها لەبەر ئەو رێزەی کە لە گەرمیان هەیبوو بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەرمیان. ساڵی رابردوو بەڵێنم پێدا کە یەکساڵی دیکە بەردەوام بێت خانەنشینی دەکەم. ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین کرا".
جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێ: "ئێستا پەشیمانم و هەست ئەکەم غەدرم لە خۆی و مامۆستا هیامی هاوسەری کرد کە بە پێداگرییەکانم نەمهێشت لانیکەم دوو ساڵ بە ئارامی و دوور لە فشاری بەرپرسیارێتی پێکەوە بژین. زۆر دڵگرانم کە نەیتوانی یەک رۆژ چێژ لە ژیانی خانەنشینی ببینێت، چونکە هەرکە خانەنشین بوو تووشی پەتای کۆرۆنا بوو. لێرەدا هیچم نییە بیڵێم جگە لەوەی زۆر داوای لێبوردن بکەم لە مامۆستا هیام".
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: "کاک سەڵاح، تا دواساتەکانی ژیانی بە پاکێتی و بەهەمان ئەو بیر و باوەڕەوە ژیا کە لە گەنجێتیدا لەپێناویدا بووە پێشـمەرگە و هەرگیز ڕیگەی نەدا ناو و ناوبانگی لەکەدار بێت. وەکچۆن لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیدا مەرد و جوامێر بوو، لە قۆناغی پاش پێشمەرگایەتیشدا هەر مەرد و جوامێر مایەوە. نەیهێشت پلە و پۆست ناوی بزڕێنێت. ئەو دەسەڵاتە زۆرەی وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەیبوو، بەکاری نەهێنا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی یان بۆ پڕکردنی گیرفانی".
دوای نزیكەی مانگێك لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە نەخۆشخانەیەكی سلێمانی كۆچی دوایی كرد.