شەش هەزار پارچە زەوی لە سنووری ھەولێر تاپۆ كران

لە دوو رۆژی داھاتوودا بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێن

K24 – ھەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كاروباری تاپۆكردنی شەش هەزار كارتەكەی كەرتی باغمرە شەهاب تەواو بووە و لە دوو رۆژی داهاتوودا تاپۆكان بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێن.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنە تایبەتمەندەكەی تاپۆكردنی كارتەكانی هەولێر لە كارەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا چەندین هەزار كارتی دیكەش تاپۆ بكرێن. 

ئەمەش دوای دانیشتنی رۆژی 5/5/2020ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دێت كە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خێرا تاپۆكردنی كارتەكان درا، دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری راسپار بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بۆ تاپۆكردنی كارتەكان و لیژنە تایبەتەكەش بۆ تاپۆكردنی سەرجەم ئەو كارتانەی كە پێشتر دابەشكراون، پێكهێنرا، كە ژمارەی كارتەكان 125 هەزار كارت بوو، لە كۆی ئەو ژمارەیەش تاوەكو ئێستا 65 هەزار كارتیان كاری تاپۆكردنیان تەواو كراون.

وێڕای بەردەوامی پرۆسەی تاپۆكردنی كارتەكان، لەم یەك دوو رۆژەی داهاتوو شەش هەزار تاپۆ بەسەر هاووڵاتییانی كەرتی باغمرە شەهاب لە شاری هەولێر دابەش دەكرێن و هاووڵاتییانی ئەو كەرتە دەبنە خاوەنی تاپۆی خۆیان و دەتوانن كاروبارەكانیان بەو تاپۆیانە رایی بكەن.  ئەمڕۆش سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەو شەش هەزار تاپۆیە لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وەردەگرێتەوە و دواتر لەم یەك دوو رۆژەی داهاتوو، لە مەراسیمێكدا تاپۆكان بەسەر هاووڵاتییانی كەرتی باغمرە شەهاب دابەش دەكرێت.