ترەمپ: لە دەرەوەی ناتۆ ئاسایشی ئۆکرانیا دەپارێزین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا هەوڵدەدات ئاسایشی ئۆکرانیا پارێزراو بێت، بەڵام لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ نا، دووپاتیشی کردووە ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێک نەکڕێت، دەرەنجامێکی خراپی بۆ ئابووری ڕووسیا دەبێت.

هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نێو فڕۆکەی ئیەر فۆرس وەن، لە کاتی فڕین بەرەو ویلایەتی ئالاسکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پرسی دابەشکردنی خاک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت، بڕیارەکەی بۆ ئۆکرانیا بەجێ دەهێڵن.

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئاماژەی دا، پوتن پێی وایە، هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاری ئەو دەکات، بەڵام لە ڕاستی دا ئەو هێرشانە زیان بەو دەگەیەنێت.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ پوتن، هەوڵی پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئەورووپا دەدەین، بەڵام لە دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ. باسیشی لەوە کرد، ڕەنگە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت.

ترەمپ دووپاتیشی کردووە، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی نەیەیت و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بێت، ئەوا دەرەنجامێکی خراپی بۆ ئابووری ڕووسیا دەبێت.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ( کرێملن) بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: فڕۆکەکەی پوتن کاتژمێر 22:00 بە کاتی کوردستان دەگاتە فڕۆکەخانەکەی ئالاسکا و لەلایەن ترەمپەوە پێشوازی لێدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا لەبارەی پرسی ئۆکرانیا و باشترکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان کۆببنەوە.