پوتن و ترەمپ گەیشتنە ئالاسکا
فڕۆکەکانی پوتن و ترەمپ لە فڕۆکەخانەیەک لە بنکەیەکی ئالاسکا نیشتنەوە و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان بەڕێوەبچێت.
هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە ویلایەتی ئالاسکا و لە فڕۆکەخانەی بنکەی هاوبەشی ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن فەرشی سووری بۆ ڕاخراوە و لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی F-35 دانراوەن.
هاوکات فڕۆکەکەی سەڕۆکی ڕووسیاش ماوەیەک دوای فڕۆکەکەی سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە بنکە سەربازییەکە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێ دەکرێت.
کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە نێو فڕۆکەی ئەیەر فۆرس وەن، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لە کۆبوونەوکەدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بەشدار دەکەن. باسی لەوەش کرد، پێش کوبوونەوەکە هەر دوو شاندەکە نیوەڕۆخوانێک بەیەکەوە دەخۆن.
کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی کرێملن بڵاوی کردەوە، هەریەک لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، و یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن، لە کۆبوونەوە مێژووییەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، یاوەریی ڤلادیمیر پوتن دەکەن.
هاوکات دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا، هەر دوو سەرۆکەکە بە تەنیا کۆدەبنەوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا کرێملن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: کۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆکەکە شەش بۆ حەوت کاتژمێر دەخایەنێت.
بڕیار ترەمپ و پوتن لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، باشترکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان گفتوگۆ بکەن.
هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نێو فڕۆکەی ئیەر فۆرس وەن، لە کاتی فڕین بەرەو ویلایەتی ئالاسکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پرسی دابەشکردنی خاک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت، بڕیارەکەی بۆ ئۆکرانیا بەجێ دەهێڵن.
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئاماژەی دا، پوتن پێی وایە، هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاری ئەو دەکات، بەڵام لە ڕاستی دا ئەو هێرشانە زیان بەو دەگەیەنێت.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ پوتن، هەوڵی پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئەورووپا دەدەین، بەڵام لە دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ. باسیشی لەوە کرد، ڕەنگە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت.
ترەمپ دووپاتیشی کردووە، ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی نەیەیت و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بێت، ئەوا دەرەنجامێکی خراپی بۆ ئابووری ڕووسیا دەبێت.