"ان شاءالله"ی بایدن، دیارترین وشه‌ی ناوی یه‌كه‌م دیبه‌یت بوو
یه‌كه‌مجاره له گرنگترین دیبه‌یتی جیهاندا، ده‌سته‌واژه‌كانی "گاڵته‌جار، ده‌مت داخه، نه‌زان، ره‌گه‌زپه‌رست" به‌كاربهێنرێن
K24 - هه‌ولێر:
كاتژمێر 4ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 30/9/2020 به‌كاتی هه‌ولێر، یه‌كه‌م دیبه‌یتی كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له نێوان دۆناڵد تره‌مپ و جۆزیف بایدن به‌ڕێوه‌چووه.
ئه‌گه‌رچی ره‌خنه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له ناوه‌ڕۆكی دیبه‌یته‌كه و قسه‌كانی هه‌ردوو كاندیده‌كه گیرا، به‌ڵام وشه‌یه‌كی جۆزیف بایدنی كاندیدی دیموكراته‌كان، لێكدانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری لێكهوتهوه، كه له كاتی قسه‌كردندا به تره‌مپ ده‌ڵێت: "كه‌ی، ان شاءالله؟".
ئه‌و وشه‌یه‌ی بایدن له كاتێكدا بوو كه تره‌مپ باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد به ملیۆنان دۆلاری وه‌ك باج داوه‌ته حكومه‌ت، له‌و كاته‌شدا كریس واڵاس به‌ڕێوه‌به‌ری دیبه‌یته‌كه داوای ده‌كرد بزانێت كه‌ی و به چ به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌و باجه‌ی داوه.
كاتێك تره‌مپ ده‌یویست بڵێت "ده‌یبینی چۆن به ملیۆنان دۆلار ئه‌و باجه دراوه"، بایدن پێی گوت: "كه‌ی ده‌بینین، ان شاءالله؟"، كه وه‌ك توانجێك بوو له تره‌مپ و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه نایبینن.
به‌و جۆره‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره وشه‌ی عه‌ره‌بی له دیبه‌یتی نێوان كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، وشه‌ی عه‌ره‌بی به‌كاربهێنرێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی چاودێران و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو، یه‌كه‌مجاره له گرنگترین دیبه‌یتی جیهاندا، ده‌سته‌واژه‌كانی "گاڵته‌جار، ده‌مت داخه، نه‌زان، ره‌گه‌زپه‌رست" به‌كاربهێنرێن، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كریس واڵاس، به‌ڕێوه‌به‌ری دیبه‌یته‌كه بڵێت: "ببورن نامه‌وێت ده‌نگم به‌سه‌رتاندا به‌رز بكه‌مه‌وه، به‌ڵام تكایه بوه‌ستن".
Best moment of #Debate2020 /yelling fest, is Joe Biden dropping Arabic word “Inshallah” (God willing).
— Joyce Karam (@Joyce_Karam) September 30, 2020
When Trump said “you’ll get to see” his taxes, Biden: “when? inshallah”(meaning never) pic.twitter.com/6J18Rgn4pL