کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتن دەستی پێکرد
سەرۆکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لەگەڵ شاندەکەیان کۆبوونەوەی داخراویان دەست پێ کرد.
هەینی 15ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا دەستی پێ کرد. هاوکات پێش کوبوونەوەکە سەرۆکی ئەمەریکا بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی ڕووسیا کرد، کە بەگوێرەی میدیایە ڕووسییەکان یەکەم جارە لە نێو خاکی ئەمەریکا بە فەرشی سوور پێشوازی لە سەرۆکی ڕووسیا بکرێت.
کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو سەرۆکی لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی و پەرەدان بە پەیوەندییە دوو لایەنەکان دەبێت. هاوکات لە کاتی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ڕێگەیان بە ڕۆژنامەنووسان نەدا ڕووماڵ بکەن و پرسیاری خۆیان بکەن. هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ، لە پشت هەر دوو سەرۆکەکە نووسراوە" بەدیهێنانی ئاشتی".
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، سەرەتا هەر دوو شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا بە ئامادە بوونی سەرۆکانی هەر دوو وڵات کۆدەبنەوە و لە کۆبوونەوەکە هەر یەکە لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن و مارکۆ ڕوبیرۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بەشدار بوون.
هاوکات دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا، هەر دوو سەرۆکەکە بە تەنیا کۆدەبنەوە.
پێشتر، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا کرێملن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: کۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆکەکە شەش بۆ حەوت کاتژمێر دەخایەنێت.
هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە ویلایەتی ئالاسکا و لە فڕۆکەخانەی بنکەی هاوبەشی ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن فەرشی سووری بۆ ڕاخراوە و لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی F-35 دانراوەن.
هاوکات فڕۆکەکەی سەڕۆکی ڕووسیاش ماوەیەک دوای فڕۆکەکەی سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە بنکە سەربازییەکە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێ دەکرێت.