دەزگای لوتکە: 90 کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان ڕزگار کران
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، 90 کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان ڕزگار کراون، بەڵام هیچیان کورد نەبوون. ئاماژەی بەوەش دا، بەلەمێکی دیکە لە سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا لە کار کەوتووە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک کۆچبەری کوردی تێدابن.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە، بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەو 90 کۆچبەرەی لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان بەلەمەکەیان لەکار کەوتبوو، هەمووان ڕزگارکراون." ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکوو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان دیار نییە و نازانرێت کە ئایا هیچ کوردیان تێدایە یان نا.
بە گوتەی ئاری جەلال، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران کە لە لیبیا و تونسەوە بەڕێکەوتوون، لە سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا تووشی کێشە بووەتەوە و لە کار کەوتووە؛ پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک کورد لەناو سەرنشینەکانی ئەم بەلەمەدا بن و نوێنەرانی دەزگاکەیان لە هەوڵدان بۆ زانینی ناسنامەیان.
سەرۆکی دەزگای لوتکە جەختی لەوە کردەوە "کۆچ بە شێوەی نایاسایی بۆ ئەورووپا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە." هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەیشی بۆ چەندان هۆکار گەڕاندەوە، لەوانە توندکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان لەسەر سنوورەکان. ئاماژەی بەوەش دا "زۆرێک لەو هاووڵاتییانەی کە بەشێوەی نایاسایی ڕۆیشتوون، گەڕاونەتەوە."
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2024، زیاتر لە حەوت هەزار و 950 خێزان و گەنج گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.