سەرکردەکانی ئەورووپا پشتیوانی لە لووتکەیەکی سێقۆڵی نێوان ترامپ، زێلێنسکی و پوتن دەکەن
سەرکردەکانی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەو و لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا دەکەن، ئاماژەشیان داوە، ڕووسیا ناتوانێت ڤیتۆی لەسەر بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ بکات.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا و سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئابی 2025، سەرکردەکانی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەیان داوە، ئەورووپا پشتیوانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی زێلێنسکی، پوتن و ترەمپ دەکات.
ڕاگەیەندراوەکە، بە هاوبەشی، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، ڕووسیا ناتوانێت ڤیتۆی لەسەر بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەورووپا یان ناتۆ بکات. دووپاتیشیان کردووەتەوە، فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا بەردەوام بێت و درێژە بە پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا دەدەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشوازی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دڵنیایی دان لە ئاسایشی ئۆکرانیا دەکەن، هاوکات هەڵوێستی ئێمە ئاشکرایە کە دەبێت سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا پارێزراو بێت و دڵنیایی لە ئاسایشی وڵاتەکە بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هێزەکانی ئاشتیپارێز ڕۆڵێکی چالاکیان هەبێت.
باسیشیان لەوە کردووە، نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە هێز بگۆڕدرێن، هاوکات دەبێت ئۆکرانیا بڕیار لەسەر دابەشبوونی خاکەکەی بدات.
هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕاگەیاندبوو، "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.