ئەردۆغان: کۆبوونەوەی ئالاسکا هێزێکی نوێ بە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەبەخشێت
سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەکات و ئاماژەی دا، وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی ئامادەیە هەموو هاوکارییەک پێشکەش بکات.
شەممە 16ـی ئابی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتی: کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا، هێزێکی نوێی بە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەخشیوە.
باسی لەوەش کرد، پێشوازی لە لووتکەی ئالاسکا دەکەن و هیواشی خواست ئەم پرۆسە نوێیە، بە بەشداریی زێلێنسکی، بناغەیەک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دابنێت.
سەرۆکی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکەش کردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی پیشان دا.
هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕاگەیاندبوو، "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.