ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، چەند ئامۆژگارییەک دەدەینە زێلێنسکی
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە پاراستنی دلنیایی ئەمنی لە ناوچەکە بەشدار دەبێت، دەشڵێت، بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا، چەند ئامۆژگارییەک دەدەینە سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماژەشی داوە، پێشنیازمان کردووە، لە ئەورووپا کۆبوونەوەی سێقۆڵی بەڕێوە بچێت.
شەممە 16ـی ئابی 2025، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بە کەناڵی ZDFـی وڵاتەکەی گوت: هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئەمەریکا ئامادەیە بەشداری لە دڵنیایی ئەمنی لە ناوچەکەدا بکات و بەم شێوەیەش، ئەمەریکا بە تەنیا ئەورووپییەکان بەجێ ناهێڵێت.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، ترەمپ پێی ڕاگەیاندووە کە ڕووسیا ڕازی بووە لەسەر هێڵە سنوورییەکان دانوستان بکات، ئەمەش جیاوازییەکی زۆر گەورەیە چونکە ڕووسیا پێی وایە خاوەندارێتی ئەو ناوچانە دەکات کە هێشتا داگیری نەکردوون.
مێرز ئاماژەشی دا، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، هاوکات دوای کۆبوونەوەکە دەبێت بە زووترین کات، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان پوتن، ترەمپ و زێلێنسکی بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بکرێت. دەشڵێت: ئەگەر ئەوە کۆبوونەوەیە بکرێت، ئەوا لە ئاگربەست بە بەهاتر دەبێت.
هەروەها ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕە تەلەڤزیۆنییەکانی NTV و RTL گوتی: پێم وایە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە کات و شوێنەکەی هێشتا دیاری نەکراون، بەڵام پێشنیازمان کردووە کە شوێنێک لە ئەورووپا بێت.
مێرز لە لێدوانێکی جیادا بۆ کەناڵی n-tvـی ئەڵمانی ئاشکرای کرد، ڕۆژی یەکشەممە سەرکردەکانی ئەورووپا کۆبوونەوەیەک دەکەن و زێلێنسکیش بەشدار دەبێت و چەند ئامۆژگارییەکی باشی لەبارەی سەردانەکەی بۆ واشنتن پێدەدەین.