مێلانیا ترەمپ بۆ پوتن: ئەرکی سەرکردەکان ئەوەیە ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ خەڵک دابین بکەن

خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نامەیەکی تایبەتدا داوا لە سەرۆکی ڕووسیا دەکات، ژیان و داهاتووی منداڵان بپارێزێت، بەمەش خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکەیت، دەشڵێت، ئەرکی سەرکردەکان ئەوەیە ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ خەڵک دابین بکەن.

مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 15ی ئابی 2025، نامەیەکی لە ڕێگەی دۆناڵد ترەمپی، هاوسەری بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ناردووە و ئاماژەی داوە، هەموو منداڵەکانی ئۆکرانیا خەون بە خۆشەویستی، توانا و پاراستنیان لە مەترسییەکان دەبینن.

باسی لەوەش کردووە، وەک دایک و باوک، ئەرکی سەرشانمانە کە هیواکانی نەوەی داهاتوو بپارێزین، هاوکات وەک سەرکردەش، بەرپرسیارێتییەکەمان لەوە گەورەترە کە تەنیا ئاسوودەیی بۆ ژمارەیەکی کەمی خەڵک دابین بکەین، بەڵکوو پێویستە هەوڵ بدەین جیهانێکی پڕ لە کەرامەت بۆ هەمووان بنیات بنێین، تاوەکوو هەموو کەسێک لە ئاشتیدا بژیت و داهاتووش پارێزراو بێت.

لە نامەکەی مێڵانیا هاتووە، ژمارەیەک زۆر منداڵ ئەمڕۆ بەهۆی ئەو تاریکییەی دەوردراون، ناتوانن دڵخۆشبن، بەمەش داهاتوویان لێوێران دەکرێت، دەشڵێت، بە تەنیا سەرۆکی ڕووسیا، دەتوانن ئەو پێکەنینەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، لە ڕێگەی پاراستنی ژیانی منداڵەکان خزمەتی تەواوی مرۆڤایەتی دەکەیت، جەختیشی کردووەتەوە، تەنیا بە قەڵەمەکەت دەتوانیت ئەم کارە بکەیت.

هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.