گۆرباچۆڤ: ئەگەر یەكێتی سۆڤییەتمان پاراستبوایە ئێستا جیھان ئارامتر و دادپەروەرتر دەبوو

گۆرباچۆڤ: سەركەوتوو بووین لە گەیاندنی چاكسازی تا ئەو رادەیەی پاشگەزبوونەوەی لێنەكرێت

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت، میخائیل گۆرباچۆڤ رایگەیاند، جھان سەقامگیرتر، ئارامتر و دادپەروەرتر دەبوو؛ ئەگەر ئێمە دەوڵەتی سۆڤییەتمان پاراستبووایە.

لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە، گۆرباچۆڤ گوتی: داڕمانی یەكێتی سۆڤییەت "ئەنجامی كۆتایی" سیاسەتی ئەو چاكسازییە نەبوو كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو ئەنجاممدا.

دانیشی به‌وه‌دا نا كه‌ ھەڵەیكردووه‌، وەك دواكەوتن لە ئەنجامدانی چاكسازی لە حزبی فەرمانڕەوادا و چاكسازی لە ئابووریدا، بەڵام ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەو رێبازە ژمارەیەك ئەنجامی دەستەبەری ھێنایە كایەوە لەوانە، رێكەوتنەكانی سنوورداركردنی چەكی ئەتومی و كۆتایی بەشەڕی سارد ھێنا و ئازادییە مەدەنی، سیاسی، ئایینی و فرە حزبی و ركابەریی لە ھەڵبژاردنەكاندا ھێنایە كایەوە.

گۆرباچۆڤ گوتیشی: لەمانە ھەمووی گرنگتر خۆی و تیمەكەی سەركەوتوو بوون لە گەیاندنی چاكسازی تا ئەو رادەیەی پاشگەزبوونەوەی لێنەكرێت. ئەمەش بووە ھۆی شكستھێنانی ھەوڵی كودەتایەكەی ئابی ساڵی 1991."دوای ئەوەش رادیكاڵییەكان و جوداخوازەكان كەوتنە سەركوتكردنی یەكێتییەكە بەبێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەكانی بكەنەوە".

سەرچاوە: نۆفوستی