ئەحمەد زێڕۆ نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەی هەولێر

دوای دیاریکردنی دەستەیەکی کارگێڕێ نوێ بۆ یانەی هەولێر، یانەکە ماوەیەکە دەستی بە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کردووە و چەند یاریزانێکیان گواستووەتەوە ریزەکانیان و نزیکن لە گواستنەوەی، ئەحمەد زێڕۆ ئەستێرەی کوردی یانەی شوڕتەی عێراقی.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ماوەیەکە گفتوگۆکانی نێوان ئەحمەد زێڕۆ و کارگێڕی یانەی هەولێر دەستی پێکردووە و هەردوولا لەسەر زۆربەی مەرجەکان گەیشتوونەتە و رێککەوتن و ئەو یاریزانەی یانەی شوڕتە، نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەکەی قەڵا و منارە.
ئەحمەد زیڕۆ لەوەتەی ساڵی 2021 لە ریزەکانی یانەی شوڕتە یاری دەکات و رۆژی سێزدەی ئەم مانگە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی شاری بەغدا کۆتایی هات. ئەو یاریزانەی پێشووی یانەکانی دهۆک و زاخۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی، بەشداری 12 یاری کرد و لە کۆتاییدا ناسناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقیان بەدەستهێنا.