موئەیەد سەفا دەبێتە پێشمەرگە

موئەیەد سەفا یاریزانی لاوی یانەی هەولێر، دوای جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی پایتەخت بڕیاریداوە پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بکات و لە خولی نایابی عێراق، بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بێت.

دوای دەست نیشانکردنی باسم قاسم وەکو راهێنەری یانەی هەولێر، ئەو راهێنەری ناوی چەند یاریزانێکی لە لیستی یانەکەی دیاری کرد و ئەو یاریزانانەی ئاگادار کردەوە کە لە پلانەکانی ئەو نابن، یەکێک لەو یاریزانانەش موئەیەد سەفا یاریزانی لاوی ئەو یانەیە بوو.

کوردستان24 زانیاری دەستکەوتووە ئەو یاریزانە لاوە، دوای جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی قەڵا و منارە، لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەستی بە گفتوگۆ کردن کردووە و هەردوولا نزیکن لە رێککەوتن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت موئەیەد بۆ وەرزی نوێ، لە خولی نایابی عێراق بەردەوام بێت.

موئەیەدی تەمەن 21 ساڵان لە ساڵی 2023 پەیوەندی بە تیپی لاوانی هەولێر کرد و دوای ساڵێک لەسەردەمی راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ، ئەو یاریزانە بانگهێشتی تیپی یەکەمی یانەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کرا و لەگەڵ یانەکەی پایتەخت، ئەو یاریزانە لاوە بەشداری 14 یاری کرد.

 
Fly Erbil Advertisment