ئەمەریكا زانیاری لەبارەی ئەو مووشەكانە دەخاتەڕوو كە ئاراستەی ھەولێر كران

"ئەو مووشەكانە لە ھێرشەكانی ناوچەكانی دیكەی عێراق بەكارنەھێندراون"

K24 - ھەولێر

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، مووشەکی نوێ لە هێرشەکەی هەولێر بەکارهێندراون، ئەو مووشەكانە پێشتر لە ھێرشەكانی ناوچەكانی دیكەی عێراق بەكارنەھێندراون.

کەناڵی سی ئێن ئێن، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، سێ مووشەک لە نزیک بنکەی سەربازی هێزی هاوپەیمانان کەوتوونەتە خوارەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی بە دوای خۆیدا نەهێناوە.

بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن دووپاتیدەکاتەوە، ئەو مووشەکانەی لە هێرشەکەی هەولێردا بەکارهاتوون جیاوازن لەوانەی لە هێرشەکانی پێشووتری سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

بەرپرسەکەی پێنتاگۆن هێرشەکە بە "دروستکردنی کێشە" وەسف دەکات، چونکە هێرشەکە فراوانترە لە هێرشەکانی پێشوو.

شەوی رابردوو 30/9/2020، شەش مووشەك بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران. وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، مووشەكەكان هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و زیانی لێ نەکەوتووەتەوە. موشەکەکان لە سنووری (برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە تووندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی هەولێر دەکەم.

سەرۆکی حکومەت لە تویتێکدا نووسیویەتی، حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ مستەفا کازمی قسەی کردووە و باسی لە گرنگی لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکە کردووە.