سوپای سووریا پلانی هێرشکردنە سەر هەسەدەی داڕشتووە

سەرچاوەیەک لە سوپای سووریا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئامادەکارییان کردووە، لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق، هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، بەڵام بەو مەرجەی ئەمەریکا ڕازی بێت و ئیسرائیلیش دەستتێوەردان نەکات.

یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، ڕۆژنامەی (زە ناشناڵ)ـی ئەمەریکی لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە سوپای سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق ڕێک نەکەوتن، ئەوا سوپای سووریا پلانی هەیە بەر لە تشرینی یەکەمیی ئەمساڵ، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەر دوو پارێزگای ڕەققە و دێرەزوورە هێرشێکی فراوان بۆ ئەو ناوچانە دەست پێبکات.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، سوپایەک بە 50 هەزار چەکدار بە پشتیوانی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە، وەک ئامادەکاری بۆ پێشڕەویکردن بەرەو باکوور و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لە نزیک شاری تەدمور کۆکراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەمنییە ئاماژەشی داوە، پلانی هێرشەکە بەبێ ڕەزامەندی ئەمەریکا جێبەجێ ناکرێت، هاوکات دەبێت دڵنیاش بدرێت کە سوپای ئیسرائیل دەستتێوەردان نەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، گفتوگۆیەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە بە نێوانگیری واشنتن هیچ بەرەوپێشچوونێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، هاوکات بەهۆی ڕەت کردنەوەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە حکوومەتی دیمەشق، ئەمەریکای نیگەران کردووە و تێڕوانینی لەبارەی هەسەدەوە گۆڕاوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەم تێڕوانینەی ئەمەریکا لەگەڵ هەڵوێستی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی هەسەدە لە باکووری سووریا یەکدەگرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل.

شەممە، 16ـی ئابی 2025، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕایگه‌یاندبوو، ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییەکانی پارێزگای سوه‌یدا لە باشووری سووریا له‌ 13ـی ته‌ممووزه‌وه‌ تاوه‌كوو 20ـی هه‌مان مانگ، هەزار و 677 کەس بووه‌، كه‌ 452ـیان به‌ ئاشكرا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون و له‌و ژماره‌یه‌شدا 43ـیان ئافره‌ت و 14ـیشان منداڵ و پیر بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، ژمارەی کوژراوان لە بەیانی یەکشەممە 13ـی تەممووزەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان و لەسێدارەدان و بۆردومانی ئیسرائیل، گەیشتووه‌ته‌ هەزار و 677 کەس و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش دابه‌ش كراون.