زێلێنسکی: ڕووسیا گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا ناکات

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا ڕووسیا هەڵوێستی خۆی بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئاشکرا نە کردووە، هاوکات گومانی لە لێدوانەکانی مۆسکۆ بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا هەیە.

یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لە هەڵوێستی ئەمەریکا بۆ دڵنیایی دان لە پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام متمانەی بە نیازی ڕووسیا نییە و گوتی: بە لای منەوە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەباری گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا لە تێڕوانینەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گرنگترە، چونکە پوتن هیچ گەرەنتییەکی ئاسایشی ناکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی داوە، سوپای ئۆکرانیا بە هاوکاری دارایی ئەورووپییەکان بەهێزتر دەبێت و ئاسایشی وڵاتەکەی دەپارێزێت. دەشڵێت: ئێمە پێویستیمان بە دانوستانێکی ڕاستەقینە هەیە، هاوکات دەبێت دانوستان لەسەر هێڵە سنوورییەکانی ئێستا بکرێت.

زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا ڕووسیا هیچ ئاماژەیەکی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نەداوە، ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە ڕەت بکاتەوە، دەبێت سزا بەسەر مۆسکۆ بسەپێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی دووشەممە، زێلێنسکی و ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی، ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر، سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە بەشدار بن.