سەرکردەکانی ئەورووپا گەیشتنە کۆشکی سپی

بڕیارە کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا بە بەشداری سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا کۆتاییهێنان بە جەنگ دەست پێبکات.

دووشەممە 18ی ئابی 2025، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردووەتەوە، سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە کۆشکی سپی.

باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا هەریەکە لە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، فرێدرێک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتوونەتە کۆشکی سپی.

هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، کۆبوونەوەی نێوان زێلێنسکی و ترەمپ کاتژمێر 20:15 بە کاتی هەولێر دەست پێبکات، ئاماژەشی داوە، کاتژمێر 22:00 بە کاتی کوردستان سەرکردەکانی ئەورووپا لەگەڵ ترەمپ کۆدەبنەوە.

هەروەها فۆکس نیووز ئاماژەی داوە، هەر یەکە لە جەی دی ڤاسن، جێگری سەرۆک، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و کیس کلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئۆکرانیا بەشدار دەبن.

پێشتر ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: ڕۆژێکی گەورە چاوەڕێ کۆشکی سپی دەکات، هەرگیز ئەوەندە سەرکردەی ئەورووپا لە کۆشکی سپی کۆنەبوونەتەوە.

هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ دووشەممە پێش ئەوەی بەرەو کۆشکی سپی و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ بەرەو ئەمەریکا بەڕێککەوێت، لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان کۆبووەوە و داوای لە ترەمپ کرد "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" لە دژی ڕووسیا بەدی بهێنێت، هاوکات جەختی لەسەر پێویستبوونی گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا کردەوە کە ئەمەریکا لەبەرچاوی بگرێت.

زێلێنسکی ڕاشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی لووتکەی کۆشکی سپی بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر هیچ بستە خاکێکی ئۆکرانیا ناکات، بۆ ئەوەی بە ڕووسیا بدرێت لە پای ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ.

بەگوێرەی پرۆتۆکۆلی دیدارەکان، ترەمپ و زێلێنسکی بۆ یەکەم جار لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ ڕووبەڕوو کۆدەبنەوە، دواتر دەچنە کۆبوونەوەی گشتیی لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان.

هەروەها سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی سەردانی کردنی سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ واشنتن ئاماژەی دابوو، سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەورووپا دەچنە کۆشکی سپی، بۆ یاوەری کردنی زێلێنسکی نابێت.

هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.

فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا
ئورسولا ڤۆندێڕ لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا
کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و مۆنیکا کرۆلی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵی ئەمەریکا