ڕووسیا: هیوادارین کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا ئەنجامێکی باشی هەبێت

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هیوادارە کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا ئەنجامێکی باشی هەبێت، دووپاتیشی کردووە، مۆسکۆ پێشوازی لە ئاشتییەکی هەمیشەی لە ئۆکرانیا دەکات.

دووشەممە 18ی ئابی 2025، دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، ئەوەی هەمووان هیوای بۆ دەخوازن ئەوەیە کە کۆبوونەوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپا بە هەمان ئاراستەی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ پوتن بڕۆن.

گوتیشی: ترەمپ دانی بەوەدا ناوە کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن دەرفەتێکی بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن ڕەخساندووە. پۆلیانسکی، کە لە ئێستادا کاربەڕێکەری ڕووسیایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەشڵێت: ئێمە زۆر بە گەرمی پێشوازی لە ئاشتییەکی درێژخایەن دەکەین."

هەروەها ئاماژەشی دا، هیوادارین سەرکردایەتیی ئۆکرانیا، لەبری بیرکردنەوە لە ڕزگارکردنی خۆیان، بیر لە گەلەکەیان بکەنەوە کە نایانەوێت جەنگ بەردەوام بێت و ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادپەروەرانەیان دەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لە دوور چاوی میدیاکان دەستی پێکردووە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ زێلێنسکی گوتی: دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن دەکەم