لاڤرۆڤ: دانوستان لەبارەی گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیامان ڕەت نەکردووەتەوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستان لەبارەی گەرەنتی ئاسایشی ئۆکرانیا بکات، بەڵام دەبێت سەرەتا بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی پارێزراو بێت، هەروەها ئاژانسێک ئاماژەی داوە، سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی کردووە لووتکەی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە مۆسکۆ بەڕێوە بچێت.
سێشەممە 19ـی ئابی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا ئەوەی پیشاندا کە ئیدارەی ترەمپ بە ڕاستگۆیانە دەیانەوێت ئاشتییەکەی هەمیشەیی بەدی بهێنن. دووپاتیشی کردووە کە ترەمپ بانگهێشتی مۆسکۆ کراوە، هەر وەکوو پوتن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی دا.
باسی لەوەش کرد، ڕووسیا هیچ دانوستانێکی سێقۆڵی و دووقۆڵی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕەت نەکردووەتەوە، هاوکات هەرگیز نەیویستووە ناوچەکانی دیکە داگیر بکات، بە کریما، دۆنباس و نۆڤۆرۆسیاشەوە، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی پارێزگاری لە ڕووسەکان بکات.
لاڤرۆڤ، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە خۆبەزلزانان لە بەرانبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار دەکات، دەڵێت، ئاشتی بەبێ دانپێدانانی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ڕووسیا مەحاڵە، هاوکات ئەگەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گرنگی بە دەستوور دەدات، دەبێت بە هەمان شێوە ئەو یاسایانەی مافەکانی ڕووسیا دەپارێزین بە بیرخۆی بهێنێتەوە.
هەر ئەمڕۆ حکوومەتی ئۆکراینا ڕایگەیاند، ڕووسیا نزیکەی تەرمی هەزار سەربازی وڵاتەکەی گەڕاندوونتەوە، کە پێنجیان لە کاتی دیلیدا گیانیان لە دەست دابوو.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، لە بەرانبەردا ئۆکراینا تەرمی ١٩ سەربازی ڕووسی گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ئاگادار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە، پوتن پێشنیازی ئەنجامدانی لووتکەی ئاشتی لەگەڵ زێلێنسکی لە مۆسکۆ کردووە.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە پەیوەندییەکەیاندا، پوتن باسی مۆسکۆی کردووە، هاوکات زێلێنسکی لە وەڵامدا گوتی نا نابێت، هەروەها سەرکردەکانی ئەورووپا لەوبارەوە بە ترەمپیان گوتووە کە پێشنیازەکەی پوتن پێ ناچێت بیرۆکەیەکی باش بێت.