ترەمپ: دابەشکردنی خاک ژیان بۆ ئۆکرانییەکان دەگەڕێنێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەبێت زێلێنسکی خۆی لەگەڵ پێشهات و دۆخەکە بگونجێنێت، ناکرێت تۆ جەنگ لەگەڵ وڵاتێک بکەیت کە 10 هێندەی خۆت گەورەتر و بەهێزترە، ئاشکراشی کرد، دابەشکردنی خاک، ژیان بۆ ئۆکرانییەکان دەگەڕێنێتەوە.

سێشەممە 19ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز ڕایگەیاند، هیوادارە پوتن لە پرسی بەدیهێنانی ئاشتی نەرم بێت، ئەگەر نا دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت، هاوکات دەبێت زێلێنسکی خۆی لەگەڵ پێشهات و دۆخەکە بگونجێنێت.

لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر دابەشکردنی خاک لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی دا، دەبێت ئەوان تێبگەن کە ئۆکرانیا ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە و خاکێکی زۆریشیان دەست دەکەوێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو، ڕووسیا وڵاتێکی سەربازیی زۆر گەورە و بەهێزە، تۆ ناتوانیت هێرش بکەیتە سەر وڵاتێک کە 10 هێندەی خۆت گەورەترە. پێشم وایە هەمووتان نەخشەکەتان بینیوە، وەک دەزانن، ئێستا 79%ی دۆنباس لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە.

ئاشکراشی کرد، هەر یەکە لە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ وەکوو بەشێک لە گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دەیانەوێت هێزەکانیان بنێرنە ئەو وڵاتە، بەڵام ئەمەریکا نابنە بەشێک لەو هێزانە.

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: بەهۆی ئەوەی بێ ڕێزی لەبەرانبەر پوتن نەکەم، لە بەردەم سەرکردەکانی ئەورووپا پەیوەندیم بە سەرۆکی ڕووسیاوە نەکرد، چونکە ئەوان پەیوەندییەکی باشییان نییە و پوتنیش نایەوێت قسە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا بکات،

پێگەی هەواڵی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی لەوبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، کاتێک ترەمپ پەیوەندی بە پوتنەوە کرد بۆ ئەوەی پێشنیازی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نێوان زێلێنسکی و سەرۆکی ڕووسیا بکات، پوتن لە وەڵامدا گوتی: پێویست ناکات بێیت، دەمەوێت کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیمان هەبێت.

دوێنێ دووشەممە 18ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشم لەگەڵ، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆشکی سپی کرد.

ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکرانیا کرد، کە ئەو گەرەنتییانە لەلایەن وڵاتە جیاجیاکانی ئەورووپاوە دابین دەکرێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

هەروەها نووسیویەتی: لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندیم بە پوتینەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیمان لە نێوان پوتن و زێلێنسکی ڕێکخست، هاوکات دواتر بە بەشداریکردنی من کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەکەین.