وڵاتانی ئاسیا بەبەهای زیاتر لە 70 ملیار دۆلار نەوتی عێراقیان کڕیوە

بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئاسیا لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 70 ملیار دۆلار بووە.
چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، بانکی ناوەندی عێراق ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، "وڵاتانی ئاسیا، کە چین، هیندستان، کۆریای باشوور و چەند و وڵاتێکی دیکە، ساڵی ڕابردوو، بە بەهای 71.915 ملیار دۆلار نەوتی عێراقیان کڕیوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیکردووە، کە 67.144 ملیار دۆلار بووە."
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەورووپای ڕۆژئاوا لە کڕینی نەوت دوای وڵاتانی ئاسیا دێت و پلەی دووەمی گرتووە، کە بەبەهای 15.573 ملیار دۆلار نەوتی کڕیوە، وڵاتانی عەرەبی بە بەهای 6.484 ملیار دۆلار لە دوای ئەوان دێن.
لە ئاماری بانکەکەدا هاتووەم "وڵاتانی ئەمەریکای باکوور بە بەهای 6.403 ملیار دۆلار پلەی سێیەمیان گرتووە، وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بە بەهای 565 ملیۆن دۆلار پلەی چوارەمیان گرتووە، وڵاتانی ئەفریقاش بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار نەوتیان کڕیوە."
لە ڕۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و بەپێچەوانەی ئەوەی پلانی بۆ دانراوە پشتبەستن بە داهاتی نەوت زیادیکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی شەش مانگی ئەمساڵی بریتی بووە لە 62 ترلیۆن و سێ ملیار و 937 ملیۆن دینار.
لە هەمان ماوەدا خەرجییەکانی عێراق زیاتربوون لە 57 ترلیۆن دینار، کە تەنیا چوار ترلیۆنی بۆ پڕۆژەکان بووە و نزیکەی 53 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجییەکانی وەگەڕخستن و مووچە بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ پشتبەستن بە داهاتی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی ئەو بەرزبوونەوەیە لە مانگی شەش ڕوویداوە، لە مانگەکانی پێشوودا پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە 89% بووە، بەڵام بە تێکڕا لە شەش مانگدا 92% داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بووە.