لاڤرۆڤ: بەبێ ئامادەبوونی ڕووسیا لە کۆبوونەوەکان هیچ بڕیارێک لەسەر گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا نادرێت

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە بەبێ ئامادەبوونی ڕووسیا، ناتان گەیەنێتە هیچ ئەنجامێک.

چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕەخنە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دەگرێت و گوتی: بەبێ ئامادەبوونی لایەنی ڕووسی لە کۆبوونەوەکە بە هیچ پێشنیازێک لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا ڕازی نابین.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەشی دا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش دەزانن کە گفتوگۆکردن لەبارەی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا بەبێ ڕووسیا ناگەنە هیچ دەرەنجامێک.

لاڤرۆڤ گوتیشی: ڕووسیا پشتگیری لە گەرەنتییەکی ئەمنی متمانەپێکراو بۆ ئۆکرانیا دەکات و پێشنیازی کرد کە دەتوانرێت لەسەر بنەمای ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک بێت کە لە هەفتەکانی سەرەتای شەڕەکەدا لە ساڵی 2022دا گفتوگۆی لەسەر کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.

هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ـی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.